کێشەی نەتەوەیی کورد لە ئێران و پێویستی ئەنتەگراسیۆنی دێموکراتیک

کێشەی نەتەوەیی کورد لە
ئێران و پێویستی ئەنتەگراسیۆنی دێموکراتیک
https://drive.google.com/file/d/1N-bxIdF9llcBCz1PblEo_hNCj_IsIaJ3/view?usp=sharing
دوای سەد ساڵ، ناسیۆنالیزمی نەریتی کورد هێشتا
باسی جیابوونەوە و دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ وەک چارەسەری کێشەی نەتەوەیی کورد
دەکات.
بەڵام ئەزموونی مێژوویی، ڕاستییە جوگرافی و
ئابوورییەکان و هەروەها پێکهاتەی دیمۆگرافی کوردەکانی ئێران نیشان دەدەن کە ڕێگای
جیابوونەوە نەک هەر چارەسەر نییە، بەڵکو دەتوانێت کێشەکان قووڵتر و مەترسیدارتر
بکات. باشترین و عەقڵانیترین چارەسەر، ئەنتەگراسیۆنی (هاوپێوەندی) دیموکراتیک و
یەکسانانەیە لەگەڵ گشت نەتەوەی ئێران.
ئازارەکان ڕاستن
نابێت ئەوە بشارینەوە کە کوردەکانی ئێران دەیان
ساڵە ستەمیان لێ کراوە: لە خوێندن بە زمانی دایک بێبەش کراون، بە چاوی ئەمنییەتی
تەماشا کراون، و ناوچەکانیان لە گەشە و وەبەرهێنان بێبەش کراون. پرسیارەکە ئەوەیە:
ئایا جیابوونەوە ئەم ئازارانە چارەسەر دەکات، یان قووڵتریان دەکات؟ مافی هەڵبژاردن
مافێکی پیرۆزە، بەڵام کەسێک کە مافی هەڵبژاردنی هەیە، دەبێت ئاکامەکانیشی بزانێت.
١. جوگرافیا: خاکێک کە بە سنوور دابەش
ناکرێت
نزیک بە ١٦ ملیۆن کورد لە ئێران دەژین: لە
خوراسان، باکوور، تاران، بەختیاری، لورستان، هەمەدان، ئیلام، کرماشان، کوردستان و
ئازەربایجانی ڕۆژاوا. تەنانەت لە تاران نزیکەی دوو ملیۆن کورد نیشتەجێن. ئەم
بڵاوبوونەوەیە هەر هەوڵێکی جیابوونەوە دەکاتە کارێکی زۆر سەخت و تەنانەت مەحاڵ.
ناکرێت ٨٠٪ی کوردەکان، کە لە دەرەوەی ناوچە سنوورییەکان دەژین، وێڵ بکرێن و تەنها
٢٠٪ی برسی و هەژار جیا بکرێنەوە. ئەمە نەک هەر
نادادپەروەرانەیە، بەڵکو لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتیشەوە مەحاڵە.
ئازەربایجانی ڕۆژاوا نموونەیەکی ڕوونە. لە
نزیکەی ١٧ شارستانی ئەم پارێزگایە، لانیکەم ١٢ شارستان تێکەڵەی کورد و تورکن: ماکو،
خۆی، سەڵماس، چالدێران، ورمێ، نەغەدە، میاندوئاو، تکاب، شاهیندژ، پلدەشت، چایپارە
و شۆت. لە ورمێدا ئاشوورییەکان و ئەرمەنییەکانیش دەژین. هەزاران گوند و جادە و
لەوەڕگە و دەشت لێرە هی چەند نەتەوەن و هەر هەوڵێکی جیاکردنەوەی نەتەوەیی دەبێتە
هۆی شەڕ و خوێنڕێژی بێکۆتایی. ئەزموونی تاڵی نەغەدە لە بەهاری ١٣٥٨ نیشانی دا کە
ئەم جۆرە شەڕانە چۆن دەتوانن لە دەیان شاری دیکەدا دووبارە ببنەوە.
مەترسییەکی دیکەش هەیە کە نابێت پشتگوێ بخرێت.
ئەگەر ئێران لاواز بێت و دەسەڵاتی ناوەندی بشکێت، هێزە دەرەکییەکان دەکرێت بکەونە
ناو ناوچە ناکۆکەکان. بەشێک لە ڕەوتە پانتورکییەکان ئازەربایجانی ڕۆژاوا بە
«ئازەربایجانی باشوور» دەزانن. ئەزموونی عەفرین و کۆچی ئەرمەنییەکانی قەرەباخ لە
ساڵی ٢٠٢٣ نیشانی دا کە کاتێک هاوسەنگیی هێز تێک دەچێت، خەڵکی ئاسایی دەبنە
قوربانی.هەر کەسێک باسی جیابوونەوە دەکات دەبێت ئەم مەترسیانەش حیساب بکات.
٢. ئابووری: بێ دەریا، بێ نەوت، بێ بەرق. بێ گاز. بێ پیشەسازی
ناوچە کوردنشینەکان دەریایان نییە، نەوت و
گازیان نییە، کارخانەیان کەمە و کارەبا و گازیان پشت بە تۆڕی نیشتمانی ئێران دەبەستێت. دەوڵەتێکی بچووک لەم بارودۆخەدا بۆ
کارەبا و گاز و سووتەمەنی و بازرگانی دەبێت چاوی لە دەستی دراوسێکان بێت؛
دراوسێگەلێک کە هەموویان دۆستی کورد نین. بێکاری لەم ناوچانەدا پێشتریش بەرزە و
جیابوونەوە ئەو بارە قورستر دەکات.
بە پێچەوانەوە، پەیوەندی ئۆرگانیک لەگەڵ بازاڕی
گەورەی ٩٠ ملیۆنی ئێران، تۆڕی گواستنەوەی سەرتاسەری، وەبەرهێنانی نەتەوەیی،
هاوبەشی لە نەوت و گازی ئێران و دەستگەیشتن بە دەریا لە باشوور و باکووری ئێران،
ڕێگایەکی ڕاستەقینەیە بۆ ڕزگاربوون لە هەژاری و پاشکەوتویی.
٣. وانەی کوردستانی عێراق
ئەزموونی کوردستانی عێراق دەبێت ببێتە وانەیەکی
گەورە. دوای دەیان ساڵ لە دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی نوێفیۆداڵی، گەندەڵی سیستەماتیک، بێکاری، ژنکوژی، کۆنەپەرەستی،
دواکەوتنی مووچە و کۆچی گەنجان هێشتا بەردەوامە. لە ڕیفراندۆمی ٢٠١٧دا کەرکووک و
ناوچە جێناکۆکەکانی لە دەست چوو و هیچ هێزێکی دەرەکی بەرگریی لێ نەکرد. ئەم مۆدێلە
نەک هەر سەرکەوتوو نەبووە، بەڵکو نیشانی داوە کە جیابوونەوە بەبێ گۆڕانکاریی
ڕیشەیی لە بیروباوەڕ و سیستەمدا، کێشەکان قووڵتر دەکات.
٤. ڕێگای ڕاستەقینە
بە پێچەوانەی تورکیا و
عەرەبی سوریە و ئێراق، فەرهەنگ و شارستانیەتی کورد و ئێرانی
زۆر لە یەکتر نزیکن. زمانی کوردی و فارسی هەردووک لە لقێکی ئێرانیی خێزانی
هیندۆئەورووپاین و مێژوو، ئەفسانە، دابونەریت و زۆرێک لە بیرۆکە کۆمەڵایەتییەکان
هاوبەشن. ئەم نزیکییە ئەنتەگراسیۆن دەکات بە ڕێگایەکی سروشتی.
ئێرانێکی دیموکراتیک لە کردەوەدا چ مانایەکی
هەیە؟
- خوێندنی زمانی دایک
- بەشی دادپەروەرانە لە بودجە و وەبەرهێنان
- یەکسانیی تەواو لە هاووڵاتیبوون، بێ جیاوازیی نەتەوەیی و
مەزهەبی
ئەنتەگراسیۆن مانای لەناوبردنی ناسنامەی کوردی
نییە و مانای قبوڵکردنی بارودۆخی ئێستاش نییە. ئەم مافانەی ئەمڕۆ پێشێل دەکرێن بەبێ ئێرانێکی دیموکراتیک
نایەنە دی. بۆیە ئەنتەگراسیۆن مانای بەشداریی چالاکە لە بنیاتنانی ئەو ئێرانەدا.
نموونەی ڕاستەقینەی ئەم ڕێگایە شۆڕشی «ژن،
ژیان، ئازادی» بوو. کوردستان تێیدا پێشەنگ بوو، بەڵام دروشمی جیابوونەوەی نەدا.
دروشمی ئازادی، یەکسانی و ژیانی باشتری بۆ هەموو ئێرانییەکان بەرزکردەوە و نیشانی
دا کە ئامانجە هاوبەشەکان لە جیاوازییە نەتەوەییەکان فراوانترن.
کۆتایی
داهاتووی کوردەکانی ئێران پەیوەستە بە
هەڵبژاردنێک: یان بەردەوامبوون لە ڕێگایەک کە تەنها هەژاری، شەڕ و گۆشەگیریی زیاتر دەکات، یان هەنگاونان بەرەو ئەنتەگراسیۆنی
دیموکراتیک، یەکسان و زیرەکانە لەگەڵ گشت نەتەوەی ئێران. کوردستان دەتوانێت و
دەبێت ببێتە «چاو و چرای» ئێران لە ڕێگای گەشەسەندن، ئازادی و دادپەروەریدا — نەک
بە جیابوونەوە، بەڵکو بە هاوپێوەندی و بەشداری چالاک.
نظرات
ارسال یک نظر