کارەساتی بەردەسووری سەردەشت

کارەساتی بەردەسووری سەردەشت
(هاوینی ۱۳۶۲ هـ - ۱۹۸۳ ز)
https://drive.google.com/file/d/1_n6lIdyzznewduKTnzCApDDYPqtUbNev/view?usp=drive_link
ناوەرۆک
1.
پێشەکی بە قەڵەمی کاک ئەحمەد بازگر
4.
کارەسات
5.
چارەنووسی مەلا حەسەنی شێوەسەڵ
دوای کارەساتی بەردەسوور
6.
شیکاری کارەساتی بەردەسوور لە
بیرەوەری دێموکراتەکان دا
7.
سەعید کوێستانی – «ناوڕێک لە بەسەرهاتی
خۆم و ڕووداوەکانی نێو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران»
8.
خدر مەرەسەنە – «ناوێنەی ڕاستییەکان»
9.
کورتە ژیاننامەی نووسەر: قادر
قادری (کاوە ئەحمەدی - ژاکاو)
11.
دێوەرە و کەر
پێشەکی بە
قەڵەمی کاک ئەحمەد بازگر
«
ژاکاو» قادر (کاوە) ئەحمەدی یەکەم کەسە کە بەم شێوە و ڕاستەوخۆ و لە نامیلکەیەکی
جیاوازدا چووەتەوە سەر کارەساتی بەردەسوور و گێڕاویەتەوە. ژاکاو خۆی شاهیدی
زیندووی ڕووداوەکەیە و یەکێک لە گیراوە بەناحەقەکانی ئەو ڕۆژەشە.
ئەو کارەی ژاکاو جێی پێزانین
و دەستخۆشی لێکردنە. ئەم نامیلکەیە هەرچەند دەکرێ لێی زیاد بکرێ و لە لایەنی
جۆراوجۆرەوە بچێتە نێو وردەکارییەکانی کارەساتەکە، بەڵام هەر ئەوەندەش بە ئەندازەی
پێویست نەسلی دواتر لەم پەلامارە خوێناویەی حیزبی دێموکرات بۆ سەر بنکەی کومیتەی
سوێسنیانی کۆمەڵە لە هاوینی ٦٢ دا، ئاگادار دەکا.
دوای قەڵاچۆکردنی هەموو
ئەندامانی ئەو کومیتەیه، من بۆ ماوەی چەند مانگێک ئەرکی زیندووکردنەوە و
ڕاپەڕاندنی کارەکانی کومیتەی بەشی سوێسنیانم پێ سپێردرا. وەبیرهاتنەوەی ئەو ڕۆژانە
هێشتا ژانەکەی هەست پێدەکرێ. ئەگەر تەمەن مەودا بدا و فریای نووسینەوەی
بیرەوەرییەکان و ئەزموونەکانی ژیانم بکەوەم، حەتمەن ئاوڕێکی لە نزیکەوە و پڕ لە
خەمیش لەو ڕۆژانە دەدەمەوە.
هەتا ئەو ڕۆژە ئەم چەند
خاڵەی خوارەوە بۆ مێژوو:
ئەو ڕۆژانە کۆمەڵە بێجگە لە
کومیتەی بەش کە پێنج شەش کەس بوون و چەند هاوڕێیش بۆ کاری گومرگ، لە سوێسنیان
هێزێکی وای لێ نەبوو. هەر ڕۆژی دوای کارەساتەکە هێزێکی زۆر لە باسکی کۆڵەسەوە
بەرەو سوێسنیان ڕێکەوتین.
سیاسەتی کۆمەڵە بریتی بوو لە
هێورکردنەوەی فەزایەکە، تۆڵە نەکردنەوەی چەکدارانە و هیوادار بوون بەو هەیئەتەی کە
دواتر بۆ لێکۆڵینەوە ساز بوو.
لەم کتێبەی ژاکاو دا نەزەری
میرزا خدر مەرەسەنەش بە بەڵگەوە لە کتێبی بیرەوەرییەکانی میرزا خدر، هاتووە کە منی
خستە سەر سوڕمانەوە. من بەداخەوە هەتا ئێستاش کتێبی بیرەوەرییەکانی میرزا خدرم
نەخوێندۆتەوە. بەڵام هەر ئەوەندە دەڵێم کە میرزا خدر لە گەڵ کاک کەریمی کوڕی و
هاوسەری کاک کەریم دا، چەندین ساڵ لەوەبەر محیببەتیان کرد و لە ماڵی خۆمان
بەسەریان کردمەوە.
ئەوەی خۆی بۆی گێڕامەوە
تەواو بەپێچەوانەی ئەوەیە کە ژاکاو لە کتێبەکەیدا بە سەنەد لە زمان ئەوەوە
نووسیویەتەوە. میرزا خدر زۆر بەڕۆشنی لەسەر تاوانبار بوونی حیزبی دێموکرات لەو
کارەساتە دا ساغ بوو و وەک خۆی گێڕایەوە، لە پەنای گوزارشی هەیئەتی لێکۆڵینەوە،
خۆی لە گوزارشێکی جیاواز دا ئەوەی دیبووی و بیستبووی لەگەڵ ڕای خۆی بۆ دەفتەری
سیاسی حیزبی دێموکرات بردبوو.
«لە
تەواوی ژیانمدا لە خودا پاڕاومەوە و داوام لێ کردووە کە عەزیزم بۆ بپارێزێ و ئاگای
لێ بێت، ئەی بۆ نەیپاراست؟»
ئەوە قسەی دایکی شەهید
عەزیزە کە ڕوو بە من وەستا بوو، خۆی دەڕنیەوە و داوای دەکرد هەرچی زووتر تەرمەکەی
عەزیزی بۆ لە گڵکۆ دەربهێنینەوە و لە گەڵ خۆی بیباتەوە بۆ شەمۆڵە. هەر واشمان کرد.
تەرمی عەزیزی جوانەمەرگ بە سەرشانی کۆمەڵێک کەسوکار و دانیشتوانی ئەو سەردەمەی
شەمۆڵە، لە گۆڕستانی بەردەسوورەوە بەرەو شیخ مەولانا (گۆڕستانی شەمۆڵە) لە بەری
گەورەکان گواسترایەوە.
ئامۆژنە شۆکەت، دایکی عەزیز
هەتا کۆچی دوایی خۆی هەموو ڕۆژانی هەینی سەردانی گڵکۆی عەزیزی دەکرد. لەو
سەردانەکانیدا بۆ عەزیز فرمێسک و بۆ منداڵانی شەمۆڵەش چەند گیرفان نوقڵی پێ بوو.
من لێرەدا نامەوێ
برینەکانمان بکولێنمەوە. بەڵام نووسینەوەی ئەو مێژووە ئەرکێکە لە سەر شانی
هەموانمان. بژی ژاکاو کە دەستی پێکرد.
ئاواتەخوازم ئەو داوایەی
کۆمەڵە کە تەمەنی بە قەد بزووتنەوەی حەقخوازانەی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات دوای
هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی، بێتە دی: «هیچ لایەن و حیزبێک بۆ چارەسەری کێشە
سیاسییەکان دەست بۆ چەک نەبا»
بازگر
٥ی
ژوولی ٢٠٢٤
سوئێد، بووهووس

پێشەکی نووسەر
ڕووداوی دڵتەزێنی بەردەسوور
یەکێک لە کارەساتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە وەک ناوێنەیەکی بڵاو نوێن ماهیەتی
ناسیۆنالیزمی دەرەبەگی کوردەواری دەخاتە ڕوو.
من قادر قادری لەدایکبووی
ساڵی ١٣٢٧ی هەتاوی (١٩٤٨) گەورکایەتی سەردەشت، لە سوئێد ناسراوم بە کاوە ئەحمەدی،
شاهیدی کارەساتی بەردەسوورەم.
ئەو زەمان ماڵم لەو گوندە
بوو و لایەنگری کۆمەڵە بووم لە ئەوەڵ تا ئاخری ڕووداوەکەم دیتووە، چێشتووە و لە
ناخمدا خەزن کراوە. لێرەدا بە ئەمانەتداری وەک خۆی بۆ مێژووی تۆمار دەکەم.
پێویستە بۆ پێشگیری لە
دووپاتبوونەوەی مێژوو بە سەداقەت و شەفافیەتەوە پەردە لەسەر کارەساتەکانی دە ساڵەی
دوای شۆڕشی ئێران (١٩٧٩-١٩٨٩) هەڵبدرێتەوە.
با جیلی ئێستا و دواڕۆژ
بزانن کە ناسیۆنالیزمی دەرەبەگی کوردەواری لە کاتی دەسەڵاتداری کورتماوەی خۆی لە
هەندێک ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندە بێبەزەییانە هەڵسوکەوتی لەگەڵ جیابیران،
پێشمەرگە و لایەنگری ڕێکخراوەکانی دیکە و نەیارانی سیاسی و خەڵکی ناڕازی دا کردووە.
بەو هیوایەی ئەو
ڕوونکردنەوەیە ببێتە دەرسی عیبرەت و ئەزموونێک بۆ دووپات نەبوونەوەی کارەساتگەلێکی
لەو شێوەیە.
ئەم وتارە پێشکەشە بە گشت
هۆگرانی ئازادی، یەکسانی و دادپەروەری و دژبەرانی توندوتیژی، دیکتاتۆری و
هەڵاواردن.
پێشکەشە بە لاوانی وشیاری
دواڕۆژ کە فریوی دروشمی پڕ زەرق و بەرقی کوردایەتی درۆیین و دێموکراسی بێناوەڕۆک
ناخۆن و ڕزگاری بەشەری لە ئێران، کوردستان و جیهان لە بنبڕبوونی کۆنەپەرستی و
چەوسانەوە دا دەبینن.[1]
پێشزەمینەی کارەسات
هاوینی ١٣٦٢ حیزبی دێموکراتی
کوردستانی ئێران نزیکەی ٣٠٠ پێشمەرگەی لە ناوچەی سوێسنیایەتی سەردەشت هەبوو.
ئەو زەمانە ڕێبەرایەتی
کۆمەڵە ١٣ پێشمەرگەی ئەرکدار کردبوون لە دێی بەردەسووری سوێسنیایەتی بمێننەوە.
یەکێک لە ئەرکەکانی ئەم پێشمەرگانە وەرگرتنی گومرگی سەرسنوور بوو.
دێموکراتەکان وەرگرتنی
گومرگیان بە مافی دابەشنەکراوی خۆیان دەزانی و بە توندی دژی وەرگرتنی گومرگ لە
لایەن کۆمەڵە بوون.
بەرپرسانی بنکەی کۆمەڵە لە
بەردەسوور چەندین جار بە نامە و بێسیم ڕێبەرانی سەرووی خۆیان ئاگادار کردبووە کە
لە لایەن دێموکرات هەڕەشەیان لە سەرە. داوایان کردبوو بۆ پێشگیری لە ڕووداوی
نەخوازراو چارەیەک بدۆزنەوە، یان لانی کەم ئیزنیان بدەن تا ئاساییبوونەوەی بارودۆخەکە
گومرگ وەرنەگرن.
بەڵام ڕێبەرایەتی کۆمەڵە
بڕیاریان دابوو کە ئەوان لەوێ بمێننەوە و درێژە بە وەرگرتنی گومرگ بدەن.
حەسەن ئیبراهیمی ناسراو بە "مەلا
حەسەن شێوەسەڵ" فەرماندەی هێزی موعینی و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی
دێموکراتی کوردستانی ئێران سێ ڕۆژ پێش کارەساتەکە لەگەڵ بەرپرسانی بنکەی کۆمەڵە
(حوسێن عەبدالی، عەزیز بایزیدی و قادر بۆکانی) لە گوندی بەردەسوور کۆبوونەوەی کردبوو.
لەم کۆبوونەوەدا مەلا حەسەن
دەڵێت: «ئێوە لەو ناوچەیەدا گومرگ وەردەگرن و خەریکی حاکمیەتن، بێ ئەوەی هێزی
بەرگریتان هەبێت لە دژی کۆماری ئیسلامیدا. بۆیە ئێمە ناهێڵین لەوە زیاتر درێژە بە
کارەکەتان بدەن و ئەگەر دەست هەڵنەگرن لێتان دەدەین و زۆر گران لەسەرتان دەکەوێت.»
لایەنی کۆمەڵە لەم
دانیشتنەدا لە وەڵامی مەلا حەسەن دەڵێن ئێمە داخوازی ئێوە بە بەرپرسانی سەرووی
خۆمان و ڕێبەری کۆمەڵە ڕادەگەیەنین. بەڵام تا وەڵاممان بۆ دێتەوە درێژە بەم ئەرکەی
خۆمان دەدەین.
مەلا حەسەن بە توندی
هەڕەشەیان لێدەکا و دەڕواتە دەر. بەم جۆرە دانیشتنەکەیان بە ناخۆشی کۆتایی پێ دێ.
بەرپرسانی بنکەی بەردەسووری
کۆمەڵە هەر ئەو ڕۆژە گوزارشی ئەم دانیشتنە و هەڕەشە و ئۆلتیماتۆمی مەلا حەسەن لە
ڕێگەی بێسیم بە ڕێبەرایەتی کۆمەڵە ڕادەگەیەنین.
ڕێبەرایەتی کۆمەڵە لە وەڵام
دا دەڵێن: «ئێوە درێژە بە وەرگرتنی گومرگ بدەن و لە بەرامبەر حیزبی بورژوازی
دێموکرات دا هیچ نەرمی و تەنازولێک نیشان مەدەن.»[2]

کارەسات
سێ ڕۆژ دوای هەڕەشە و
ئۆلتیماتۆمی مەلا حەسەن بە بەرپرسانی بنکەی بەردەسووری کۆمەڵە، ڕۆژی ١١ی گەلاوێژی
١٣٦٢ کاتژمێر دەی پێش نیوەڕۆ من (نووسەری ئەم وتارە) و فوئادی کوڕم کە ئەو کات
منداڵ بوو، لەگەڵ عەتا بەرزەنجی (ئێراقی) کە پێشمەرگەی کۆمەڵە بوو، چووینە
چایخانەی کارخانەی قەند کە لە لایەن عەلی حاجی سەعیدی و هەمزەی موساڵان دانرابوو.
کاتێک لەو شوێنە نزیک
بووینەوە دیتمان هێزێکی زۆری پێشمەرگەی دێموکرات لە چواردەوری کارخانەی قەندی نزیک
دەبنەوە. عەتا کە دەستی فوئادی کوڕمی گرتبوو، گوتی دەبێ پێشمەرگەکان ئاگادار
بکەمەوە، دەستبەجێ گەڕایەوە بۆ مەقەڕی کۆمەڵە.
دروست لەو کاتەیدا کە من
گەیشتمە ناو چادری چایخانەکە، کتوپڕ چەندین چەکداری ئەو حیزبە پەلاماری منیان دا.
ویستم دەست بۆ کۆڵتی کەمەریم
بەرم، بە کوتان و لێدان سواری سەرم بوون و چەکیان کردم. بەم جۆرە یەکەم کەسێک کە
لەو ڕووداوە دا دەستگیر کرا من بووم. دوایە بردیانم بەرەو شوێنی دیاریکراویان کە
ماڵێک بوو لەو بەری چۆمەکە.
چەند خولەکێک دوایە بە چاوی
خۆم دیتم کە خەڵکی بەردەسوور بە پۆل چوونە پێش دێموکراتەکان و هاواریان دەکرد بۆ
خاتری خودا براکوژی مەکەن.[3]
یەکێک لە فەرماندەکانی
دێموکرات کەسێک بوو بە ناوی "برایم خەڕات" کە کۆنە چەکداری
قیادەی موەقەتەی پارتی دێموکراتی بارزانی بوو و هاتبوو ناو ڕیزەکانی دێموکرات.
دوایە بۆم ڕوون بۆوە کە
برایم خەڕات و پەلی ژێر فەرمانی کە زۆر بێڕەحم و دژە کۆمەڵە بوون لە ناوچەی خانێ
ڕا هێنابویان تا دەست لە هیچ خوێنڕێژیەک نەپارێزن. چونکە بەشێکی زۆری پێشمەرگەکانی
حیزبی دێموکراتی ناوچەی سەردەشت خزم و دۆستی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بوون و حازر بە
شەڕ و کوشتنی ئەسیری کۆمەڵە نەبوون.
برایم خەڕات بەسەر ئەم
خەڵکەدا گوڕاندی و گوتی بە گۆڕی قازی محەممەد ئەگەر هەنگاوێک زیاتر بێنە پێش وەک
پاستاران دەوتۆپێنین. ئەم هەڕەشەیە بوو بە هۆکاری ترسان و پاشەکشەی خەڵک و
دامرکانەوەی ئیعترازیان بۆ پێشگیریکردن لە کارەساتەکە.
هێزەکانی حیزبی دێموکرات لە
چەندین پەلی جۆراوجۆر پێک هاتبوون و سەرتاسەری ئەو گوندەیان گەمارۆدا بوو.
لە چواردەوری گوندەکە هێرش
کرایە سەر بنکەی کۆمەڵە کە نزیکەی دە تا دوازدە پێشمەرگەی تێدا بوو و ئاگاداری ئەم
پلانە نەبوون.
لە ماوەیەکی زۆر کەم توانیان
بنکەی کۆمەڵە لەو گوندە بگرن و پێنج پێشمەرگەی رووناکبیریان خەڵتانی خوێن کرد.
حوسێن عەبدالی لە سەربانی پێش بنکەی کۆمەڵە درایە بەر
دەستڕێژ و گیانی بەخت کرد.
عەزیز بایزیدی کە لەبەر دەرکی بنکە خەریکی لیباس شتن
بوو، تەسلیم دەبێت. بەڵام دێموکراتەکان دەستبەجێ هەر لەوێ ئیعدامی دەکەن.
قادر بۆکانی و عەتا بەرزەنجی (ئێراقی) بێ ئەسلەحە لە پێش بنکە دەبن
کە دێموکراتەکان ئەسیریان دەکەن و دەیانبەنە ناو ژووری بنکە. لە ژوورێ دوور لە
چاوی خەڵک هەردووکیان ئیعدام دەکەن. تیری خەلاسیان لە گوێی هەردووکیاندا تەقاندبوو.
دوایە هەلم بۆ هەڵکەوت و بە
چاوی خۆم جێ تیری خەلاسم لە گوێیان دا دیت. ئێستاش ئەگەر جەنازەکان لە گۆڕ
بهێننەوە دەر، پسپۆڕ و کارئاگاکان دەتوانن ئەم شێوازە کوشتنە لەسەریاندا پشتڕاست
بکەنەوە.
عەبدوڵا شاھینی (مەکڵاوەیی) کە مامۆستای شۆڕش بوو،
ماڵەکەی لە جێ زیندانی پێشووی بەردەسوور دا بوو. کاتێک دەنگی تەقەی بیستبوو پێی وا
بووە کە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی هێرشیان کردووە، بەپەلە بەرەو بەردەسوور وەڕێ
دەکەوێت.
بەڵام پێش ئەوەی کە بزانێت
چی ڕووی داوە، دێموکراتەکان دەیدەنە بەر دەستڕێژ و لە خوار گوندەکە لە دێبەری پێش
ماڵی ئەحمەدی گوڵێ دەیکوژن.
عەزیز بایزیدی، حوسێن
عەبدالی و قادر بۆکانی هەرسێکیان مامۆستای قوتابخانە بوون و لە مووچە و ژیانی ئاسوودەی شار
دەستیان هەڵگرتبوو ببوونە پێشمەرگەی کۆمەڵە کە خزمەت بە هەژاران بکەن.
عەتا بەرزەنجی ڕووناکبیرێکی باشووری هەڵوەدای ئازادی
و یەکسانی بوو لەناو کۆمەڵەدا جێگای خۆی دۆزیبووە.
ئەو خانووەی من تێیدا دەست
بە سەر بووم ماڵی لایەنگریکی حیزبی دێموکرات بوو کە کردبویانە زیندان و ناوەندی
فەرماندەیی. هەموو بەدیل گیراوەکان بە تاق و جووت دەهێنرانە ئەو ماڵە.
تەنیا سێ پێشمەرگەی کۆمەڵە
بە ناوەکانی برایم گۆمانی، زارا و تووران دەستیان بە ئەسلەحەکەیان گەیشتبوو
و بەرەنگاری چەکدارییان کردبوو.
چەند پێشمەرگەی کۆمەڵە کە لە
جێگای دیکە ئەسیر کرابوون، هێنایان بۆ ئەم شوێنە. ئەسیرێکیان هێنا بە ناوی برایم
گۆمانی کە بە سەختی بریندار کرابوو و خەڵک نەیانهێشتبوو ئیعدامی بکەن.
دوایە فەقێ ڕەسووڵی
بێشاسب کە جێگری فەرماندەی هێزی حیزب بوو بە برینداری هێنرایە ئەو ماڵە.
ماڵەکە دوو نەهۆم بوو. فەقێ ڕەسووڵ لە قاتی خوارەوە بوو. ئەسیر و بریندارەکانی
کۆمەڵە لە قاتی سەرێ ڕاگیرابوون.
یەکێک لە پێشمەرگەکانی
کۆمەڵە بە ناوی مامۆستا خدر کە خەڵکی موساڵان و مامۆستای شۆڕش بوو بە دیل
گیرابوو. بە لێدان و بێ حورمەتی پێکردن هێنایان، هاواری دەکرد کە نەیکوژن و لەوە
زیاتر ئازاری نەدەن. دێموکراتەکان ئەسیرێکی دیکەیان هێنا بە ناوی حاجی هەڵوێی
کە دابوویانە بەر لێدان بە قۆناغە تفەنگ و دوو ددانیشیان شکاندبوو.
لە حاڵێک دا کە حاجی بە زاری
پڕ لە خوێن جنێوی پێ دەدان، بە پاڵەپەستۆ هێنایانە ژوورەوە. تاک و تووک ئەسیریان
دەهێنانە ئەو شوێنە. چەندین جار مەلا حەسەن چەکدارەکانی دەناردە لای من و
پرسیاریان لێ دەکردم کە چەند پێشمەرگەتان لێرەدا هەیە؟ منیش هەر جارەی بە شێوەیەک
وەڵامی ئەوانم دەدایەوە.
مەلا حەسەن زانی کە ئاماری ڕاستەقینەیان پێ ناڵێم
بانگی کردمە دەرەوە و هەڕەشەی لێ کردم. منیش پێم گوت ئەوە تۆی کە ئەو کارەساتەت
خولقاندووە و هەر خۆتیش لێی بەرپرسیاری.
مەلا حەسەن کە ئەو وەڵامەی
لە من بیست، گوتی ئێمە زۆر بەداخەوەین لەوەی کە ڕووی دا، تکایە یارمەتیمان بدە بۆ
ئەوەی کارەکان بەرینە پێشەوە.
زارا و تووران (دوو پێشمەرگەی کچی کۆمەڵە) خۆیان
گەیاندبوو بەرزاییەکی پشتی بنکە. کە دیتبوویان ئەسیرەکان ئیعدام دەکرێن،
موقاومەتیان دەکرد و تەسلیم نەدەبوون.
مەلا حەسەن بە منی گوت داوا
لەو دوو کچە بکەم کە تەسلیم بن دەنا دەکوژرێن. منیش بۆ پێشگیری لە کوژرانیان داوام
لێ کردن بێنە خوارەوە. زارا و تووران داوای منیان قەبووڵ کرد و زیندانی کران.
هەر لە سەرەتای هێنانی فەقێ
ڕەسووڵ دا تا ئاخرین چرکەساتی گیان لە دەستدانی، لە بەر ژانی برینەکانی بێ بڕانەوە
دەیناڵاند و هاواری دەکرد.
ئەو کەسانەی لە دەوروبەری
ئەو بوون پێیان دەگوت ماڵت خەرا نەبێ خۆ برایم گۆمانی زۆر سەختتر لە تۆ بریندارە و
دانی بە جەرگی خۆیدا گرتووە و دەنگی لێوە نایەت.
برایم بانگی کردم و چوومە
لای دیتم ڕیخۆڵەکانی هاتوونە دەرەوە و خوێنیان لێ هەڵدەچۆڕێت. داوای لێ کردم بە
شوێن چارەیەک بم بۆی. منیش داوام کرد هەندێک هەوریم بۆ بێنن.
یەکێک لە هەوادارانی کۆمەڵە
کە بووکی ئەو ماڵە بوو و پێشتر بە هانای ئەو هاتبوو و بە هاوکاری خەڵکی دێ
نەیهێشتبوو ئیعدام بکرێت، دەست بەجێ دۆشەکێکی هێنا و پارچەیەکی گەورەی لە دۆشەکەکە
بری و دایە دەستم.
منیش ڕیخۆڵەکانم دە زگی
برایم هاویشتەوە و زۆر بە باشی پێچام. برایم خەریک بوو لە هۆش دەچوو، بۆ ماوەی
چەند چرکەیەک چاوی لەسەر یەک دانا. من پێم وا بوو ئیتر تەواو بووە.
بەڵام لە پڕ هاتەوە هۆش و
گوتی پێویستە ئەوە بزانی کە دێموکراتەکان لە فکری کوشتنی من دان. بۆیە تۆ دەبێ
کەسێکی جێی متمانە ئامادە بکەی و لەگەڵ من دا بینێری بۆ سونێ. منیش پێم گوت کە
دڵنیا بە ئەو کارە دەکەم.
دیسان مەلا حەسەن بانگی کردم
و داوای یارمەتی لێ کردم بۆ بەڕێکردنی بریندارەکان (برایم گۆمانی کۆمەڵە و خدر
زورەیی دێموکرات).
لە وەڵامدا گوتم کە من هیچم
پێ ناکرێت. گوتی کە دەبێ ئەوە بزانی کە پێشمەرگەیەکی ئێوە و یەکێکی ئێمەش بریندارن
و برینەکانیان یەکجار سەختە. دەبێ بە زوویی بەڕێ بکرێن بۆ سونێ و لەوێوە بۆ
قەڵادزێ لە وڵاتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی برینەکانیان.
منیش گوتم باشە، بیرم کردەوە
کە تەنیا کەسێک کە جێگەی متمانە بێت، مام ڕەسوڵ ناوێکە کە لایەنگری
کۆمەڵەیە و تەنیا من و هاوڕێیانی گیان بەختکردوو قادر بۆکانی و حوسێن عەبدالی بە
باشی دەمانناسی.
چوومە لای مام ڕەسوڵ
و ئەو ئەرکەم پێ سپارد و گرنگی کارەکەشم بۆ شی کردەوە کە دەبێت تا گەیاندنی برایم
بە سونێ و تەحویلدانی چوار چاو موراقیبی بێت.
مام ڕەسووڵ زۆر بە دڵ
ئاواڵەیی دەستی لەسەر چاوەکانی دانا و دەست بە کار بوو.
لە بنکەی دێموکرات لە گوندی
مەزرایە بۆ ماوەیەک بریندارەکان ڕادەگرن، مام ڕەسووڵ دەبینێت کە خەریکی داڕشتنی
پلانێکن. گوێی لێ دەبێ کە بەرپرسی ئەو بنکەیە (حوسێن حەداد) دەڵێت جێبەجێی بکەن.
ئەوە دەبێتە ئاگاداربوونەوەیەکی باش کە مام ڕەسوو زیاتر و باشتر چاودێری برایم بێت.
لە کاتی ڕۆیشتنیان بەرەو
سونێ لە پشت گوندی گۆڕە شێر، دێموکراتەکان دەڵێن دەبێ دەرزی لە بریندارەکان بدەین
بۆ ئارامتر کردنەوەی برینەکانیان. لەو کاتە دا مام ڕەسووڵ بە توندی لە برایم
دەکوتێت و ئاگاداری دەکاتەوە. برایم ئیجازە نادات دەرزی لێ بدەن و درێژە بە ڕۆیشتن
دەدەن.
جارێکی تر کە برایم زۆر ژانی
دەبێ پێش گەیشتن بە سونێ دەیانەوێت دەرزی لێ بدەن بەڵام ئەم جارەش بە هۆی
ئاگادارکردنەوەی مام ڕەسووڵ پلانەکە پووچەڵ دەبێتەوە. هەر دوو بریندارەکان
دەگەیەننە سونێ و ڕەوانەی قەڵادزێ دەکرێن و لە نەخۆشخانە چارەسەر دەکرێن.
دوای بەڕێکردنی بریندارەکان
مەلا حەسەن منی لە گەڵ خۆیان برد بۆ دێی "کانی زەرد" کە بنکەی کۆمیتەی
شارستانی حیزبی دێموکرات لێ بوو. بەرپرسی بنکەکەش کاک سەعید کوێستانی بوو.
پێش گەیشتن بە کۆمیتەی
شارستان لە دێی "سپیدارە" لایاندا چوونە ماڵی کوێخای گوندەکە. لەم ماڵە
خەڵکێکی زۆری لێ بوو کە بۆ یارمەتی کشت و کاڵی کوێخا هاتبوون.
خەڵکەکە تێکڕا ناڕەزایەتی
دەربڕی و گوتیان بۆ چی ئەو کارەساتەتان قەوماندووە؟ لەسەر چی مەقەڕی کۆمەڵەتان
گرتووە و چەندین پێشمەرگەتان لێ کوشتوون؟
ئەوەی لێرەدا پێویستە
هەڵوێستەی لەسەر بکرێت، وەڵامی مەلا حەسەن بە خەڵکی ناڕازی بوو کە گوتی:
«ئێمە
ڕوڕەشی مێژوو بووین، زۆر بە داخەوەم»
دوای خواردنی نان و چایی و
وچان گرتنێک، منیان بردە گوندی "کانی زەرد" و لە ماڵێکدا وەک دەستبەسەر
تا بەیانی هێشتیانمەوە.
بەرە بەیانی بانگیان کردم و
بردیانم بۆ دۆڵێک کە کەوتبوو پشت گوندەکە. مەلا حەسەن و سەعید کوێستانی لەگەڵ
ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگەی دێموکرات لەوێ دانیشتبوون.
سەعید کوێستانی وەک بەرپرسی
کومیتەی شارستانی سەردەشت ڕووی کردە من و گوتی:
«مەلا
قادر تکایە پرسیارێکت لێ دەکەم، بەڵام بێ هیچ ترس و واهیمەیەک وەڵامم دەوە»
گوتم باشە خۆ من لەو
هاوڕێیانەی کۆمەڵە زیاتر نیم کە بەو جۆرە و بێ هیچ تاوانێک کوژران و کارەساتێکی
ئاواتان ئەنجامدا.
پرسیارەکەی ئەوە بوو «هەڵایسێنەری
ئەو شەڕە کێ بوو و چۆن بووە؟»
منیش لە وەڵامدا گوتم ئەو
مەلا حەسەنە کە ئەندامی کومیتەی ناوەندی حیزبە، سێ ڕۆژ بەر لەو شەڕە، هاتە گوندی
بەردەسوور و لەگەڵ سێ نەفەر لە پێشمەرگەکانی بنکەی کۆمەڵە کۆبوونەوەی کردووە.
لە دانیشتنەکەدا هەڕەشەی
توندی لێ کردبوون و پێیانی گوتبوو کە ئێوە لێرە گومرگ وەردەگرن و خەریکی حاکمیەتن
بێ ئەوەی هێزی بەرگریتان هەبێت لە دژی کۆماری ئیسلامیدا، بۆیە ئێمە ناهێڵین لەوە
زیاتر درێژە بە کارەکەتان بدەن و ئەگەر دەست هەڵنەگرن لێتان دەدەین و زۆر گران
لەسەرتان دەکەوێت.
هەر بۆیە من پێیم وایە ئەوە
بڕیاری ناوەندی حیزبە و لە ڕێبەرایەتی حیزب داڕێژراوە و مەلا حەسەنیش کە ئەندامی
ناوەندیە، ئەم پلانەی جێبەجێ کردووە.
مەلا حەسەن گوتی «مەلا قادر
ئاگادارت دەکەمەوە لەسەرت گران دەکەوێت» گوتم فەرموو چیت لە دەست دێ بیکە.
سەعید کوێستانی ڕووی لە مەلا
حەسەن کرد و گوتی لەسەرەخۆ بە. من پرسیار لە مەلا قادر دەکەم و وەک بەرپرسی
کۆمیتەی شارستانیش من بڕیار دەدەم. مەلا حەسەن بە ناڕەحەتی لە ئێمە دوور کەوتەوە.
هەرچی بە چاوی خۆم دیتبوو بۆ
سەعید کوێستانیم گێڕایەوە. کاک سەعید ڕووک بێژی و بوێری منی پێ خۆش بوو. گوتی
ئێستا ئیجازەت پێ دەدەم دەبێ بگەڕێیەوە و سەرێک لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بدەی لە
دێی بووبانە.
منیش گوتم بە بێ نووسراوەیەک
ناتوانم هەروا بگەڕێمەوە و لە ڕێگادا تووشی ئەسیرکوژانی دێموکرات دەبم.
سەعید کوێستانی گوتی ئیتر تۆ
ئەسیر نی، برای منی. گوتم کاک سەعید تۆ جیاوازی و گەورەتر لەوەی کە هاوبیر و
هاوسەنگەری ئەمانە بی. (دوو ساڵ دواتر پێشبینیەکەم هاتە دی و کاک سەعید لە حیزبی
دێموکرات ڕۆییشتە دەر.)
کاک سەعید هەر لەو شوێنە
نامەیەکی نووسی و مۆری کۆمیتەی شارستانی لێدا و دای بە من. منیش بە سوپاسەوە
ماڵئاواییم لێ کرد و بەرەو بووبانە وەڕێ کەوتم.
لە بووبانە فەقێ محەممەدی
نارستی کە بەرپرسی بنکە بوو، پێشتریش یەکترمان دەناسی، زۆر بە گەرمی
بەخێرهاتنی کردم و نان و چایی نیوەڕۆم لەگەڵیان خوارد.
یازدە پێشمەرگەی کۆمەڵە کە
لە بەردەسوور و دێهاتەکانی دیکە گیرابوون و لە بووبانە زیندانی کرابوون.
هەشت ئەسیر لە خانوویەکی
بچووکی دێیەکە دا زیندانی کرابوون. سێ ئەسیری برینداریش بە ناوەکانی حاجی هەڵوێ،
حەمە شەریف و مامۆستا خدری موسالان لە مزگەوت ڕاگیرابوون.
ئەم سێ کەسە هیچیان لە شەڕ و
بە فیشەک بریندار نەکرابوون، بەڵکوو دوای گیران بە لێدانی زۆر و بە تایبەت بە
قۆناغە تفەنگ نیوە گیان کرابوون.
دوای دیتنی هەموو
پێشمەرگەکان بەرەو شوێنی زیندانی پێشووی کۆمەڵە لە بەردەسوور کەوتمە ڕێ.
ماڵی عەبدوڵا و بایز
شاھینی (مەکڵاوەیی) لەم شوێنەدا بوو. لایەنگریکی کۆمەڵە بە ناوی عومەر
کەبابی کە کەسێکی بوێر و چاونەترس بوو، لە ماڵی بایز مەکاڵوەیی ئامۆزای
گیان بەختکردوو عەبدوڵا مەکاڵوەیی بوو.
لەگەڵ عومەر و بایز
تەگبیرمان کرد کە بێسیمچیەکەی کۆمەڵە بە ناوی "عەبدوڵا چیا" کە
بە تەنیا لە بەرزاییەکانی پشت زیندانی پێشووی کۆمەڵە مابووە، ڕزگار بکەین. عومەر
لە ڕێگەی پێشمەرگەکانی یەکێتی نیشتمانی لەبەری مەرگە عەبدوڵای گەیاندەوە ناوەندەی
کۆمەڵە.
سێ ڕۆژ دوای ئەو کارەساتە
دڵتەزێنە بوو کە دایکی هاوڕێ عەزیز بایزیدی لەگەڵ خوشکی هاوڕێ قادر بۆکانی(حومهیڕا)
هاتن بۆ گوندی بەردەسوور و خوازیاری ڕوونکردنەوەی ئەو ڕووداوە بوون.
دایکی عەزیز ڕووی کردە من و
گوتی مەلا قادر گیان کوا عەزیز چی لێ هاتووە؟ بەرەو کوێ سەفەری کردووە؟ زووکە
وەڵامم دەوە؟
منیش گوتم دایە گیان عەزیز و
هاوڕێکانی بە دەست چەکدارەکانی دێموکرات کوژران و
گیانیان بەخت کرد.
ئەو دایکە بەڕێز و خۆشەویستە،
عەزیزی دەپەرست و لە هەموو گوند و دۆڵ و شێو و کێوەکانی کوردستان بە شوێن عەزیز دا
وێڵ بوو و هیچ کات بێ ئەو ژیانی بۆ نەدەکرا.
دایە هاواری کرد و دای بە
تەوقی سەری و فرمێسکەکانی تێکەڵ بە خوێنی ڕنینی لاچاوەکانی بوون. هەموو ئەو
کەسانەی لە دەوروبەریدا کۆ ببوونەوە، تێکەڵ بە شین و گریان بوون.
دایە گوتی: «لە تەواوی
ژیانمدا لە خودا پاڕاومەوە و داوام لێ کردووە کە عەزیزم بۆ بپارێزێ و ئاگای لێ
بێت، ئەی بۆ نەیپاراست؟»
بە کوڵی گریانەوە نەفرەتی
دەکرد لە بکوژانی عەزیز و هاوڕێکانی کە دڵی ئەو هەموو دایک و خوشک و باوک و
برایانەیان ئاوێتەی گۆمی خوێن و دەریای ژان کردبوو.
دایە بە توندی هاواری دەکرد
و بە خۆیدا دەدا، داوای دەکرد کە دەبێت تەرمی عەزیزی لە خاک بۆ بهێننەوە دەر، بۆ
ئەوەی بیباتەوە و لە نزیک خۆی بێت و ئاگاداری بکات و بۆنی پێوە بکات.
دوای ماوەیەکی کەم داواکەی
دایە جێبەجێ کرا. ئەحمەد بازگر شاعیری «گۆمەشین»، «زولفا» و «تازە
ئاشنا» چوو بۆ بەردەسوور و تەرمی عەزیزی گەیاندەوە لای دایە.
دایە تا لە ژیاندا مابوو
هەموو ڕۆژێک دەچوو بۆ سەر قەبری عەزیزەکەی و لە لای دەمایەوە. مەزاری عەزیز بووبوو
بە ماڵی دایکە دڵسووتاوەکەی...
دایە بە مست سینگی خۆی
دەکوتا و هاواری دەکرد: «مەلا حەسەن دونیای منی تاریک کرد، خودایە ئەگەر هەی،
خۆت دونیای مەلا حەسەن تاریک کە.»
بە داخەوە چوار ساڵ دواتر
تووک و نەفرینی دایە بوو بە بۆمب و لە ناو کتێبی «سپی دەدان» دا تەقییەوە و دونیای
مەلا حەسەنی بۆ هەمیشە تاریک کرد.[4]

چارەنووسی مەلا
حەسەنی شێوەسەڵ دوای کارەساتی بەردەسوور
سەمەد کاژەیی کاسیکارتیکی خەڵکی ناوچەی سەردەشت و
لایەنگریکی حیزبی دێموکرات بوو.
ناوبراو وەک زۆربەی خەڵکی
سەرسنوڕ خەریکی کاری قاچاغی لە نێوان سەردەشت و قەڵادزی دەبێ.
ساڵی ١٣٦٦ هەتاوی (١٩٨٧)
مەلا حەسەن شێوەسەڵی داوا لە سەمەد دەکات کە لە کاتی گەڕانەوە لە سەردەشت کتێبێکی
بە ناوی «سپی دەدان» بۆ بەێنێت.
سەمەد کاژەیی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی سەردەشت
ڕادەگەیەنێت کە ناچارە ئەم کتێبە بۆ مەلا حەسەن بەرێ. داوایان لێدەکات ئهم کارەی
وەک جورمی هاوکاری حیزبی دێموکرات لە سەر حساب نەکرێ.
بەرپرسێکی ئیدارەی ئیتلاعات
ئەم دەرفەتە دەقۆزێتەوە. بە سەمەد دەڵێت چونکە ئاگادارت کردووینەوە، وەک جورم لە
سەرت حساب ناکەین. بەڵام لە پێشدا کتێبەکە بێنە با بیخوێنمەوە و ڕۆژێک دواتر
دەتدەمەوە و بۆی بەرە.
سەمەد کتێبەکە دەکڕێ و
دەیدات بە کابرای ئیتلاعات. لە ئیتلاعات کتێبەکە بۆمبڕێژ دەکەن و بە کاغەز کادۆ
دەیپێچنەوە و ڕۆژی دواتر دەیدەنەوە بە سەمەد.
سەمەدی بێخەبەر لە پلانی
ئیدارەی ئیتلاعات، کتێبەکە دەبات بۆ مەقەڕی حیزبی دێموکرات لەو دیوی سنور بەشی لای
ئێراق. سەمەد کتێبەکە تەحویلی مەلا حەسەن دەدا و خۆی لەوێ وەک میوان دادەنیشێت و
خهریکی چایی خواردنهوه دهبیت.
مەلا حەسەن وەک سەمەد بێخەبەر لە پلانەکە بووە و
پێش ئەوەی سەمەد خوداحافیزی بکات کتێبەکە دەکاتەوە.
بۆمبی چێنراوی ناو کتێب لە
ناو دەستەکانی مەلا حەسەن دەتەقێتەوە و هەر دوو چاوی کوێر دەبن و هەر دوو دەستیشی
دەپەڕن.
دێموکرات سەمەدی میوانی بێ
ئاگا دەگرن و زۆری لێدەدەن و باوەڕی پێناکەن کە ئاگای لە بۆمبڕێژکرانی کتێبەکە
نەبووە.
خزمێکی سەمەد بە ناوی "حەسەن
ڕەمەزانی" کە ئەویش قاچاغچی و لایەنگری دێموکرات دەبێ زۆر بە تێڕادیوی
دەچێتە مەقەڕی دێموکرات و ئیدیعای بێ گوناهی سەمەد دەکات و داوا دەکات ئازادی بکەن.
دێموکراتەکان حەسەن ڕەمەزانی
دەگرن و وەک هاوکاری سەمەد لە تیرۆری مەلا حەسەن زیندانی دەکەن. دێموکراتەکان دوای
ماوەیەک هەردووکیان (سەمەد کاژەیی و حەسەن ڕەمەزانی) ئیعدام دەکەن.[5]
***
شیکاری
کارەساتی بەردەسوور لە بیرەوەری دێموکراتەکان دا
بۆ ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان،
گێڕانەوەی ئەم ڕووداوە لە کتێبی بیرەوەری دوو بەرپرسی ئەو کاتی حیزبی دێموکرات
دەخەمە بەر باس و لێکدانەوە.
دوو کەسی نێو حدکا (سەعید
کوێستانی و خدر مەرەسەنە) هەر کامیان لە ڕوانگەیەکەوە ئەو کارەساتەیان گێڕاوەتەوە
و لێکدانەوەی جیاوازیان لەسەر کردووە. ئەو دوو کەسە لە بیرەوەرییەکانیان دا چەند
پەرەگرافێکیان تەرخان کردووە بەو کارەساتە. لێرە دا دەقی نووسراوەکەیان دەخەمە بەر
چاوی خوێنەر.
سەعید کوێستانی
– «ناوڕێک لە بەسەرهاتی خۆم و ڕووداوەکانی نێو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران»
کتێبەکەی سەعید کوێستانی
بە پێچەوانەی ڕەسمی بیرەوەری نووسانی حیزبی دێموکرات تا ڕادەیەکی زۆر توانیویەتی
ئەمانەتداری مێژوو بێت و ڕاستییەکانی ئەم کارەساتە ئاشکرا بکات.[6]
ئەم نووسەرە لە کتێبەکەیدا،
بە نێوی «ناوڕێک لە بەسەرهاتی خۆم و ڕووداوەکانی نێو حدکا» لە پەڕەی ١٥٢ دا، لە
ژێر نێوی (شەڕی کۆمەڵە و هێزی شەهید موعینی) نووسیویەتی:
«مەلا
حەسەن شێوەسەڵی ئۆتۆماتیک ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی بوو، فەقێ ڕەسووڵ وەک جێگری
هێزی موعینی کاری دەکرد و کار و بارەکانی حیزبی بەڕێوە دەبردن.»
«ساردی
و سڕی نێوان پێشمەرگەی حیزب و کۆمەڵە، وەک شتێکی سروشتی لێ هاتبوو، هەر کاتێک
فەرماندەی هێز، یان بەرپرسێکی پێشمەرگە کەمێک خۆی شل کردبا، هەڵ و کێشەیان پێک
دەهێنا. گەلێک جار سەردەستە و سەر پەل گلەییان هەبوو کە بۆ دەبێ کۆمەڵە گومرگ
وەرگرێ؟»
«وەڵامی
ئەندامانی کومیتەی شارستان، بۆیان ڕوون بوو کە دەیانگوت، مەسەلەی گومرگ و حەوانەوە
لە گەڵ کۆمەڵە، بەستراوەتەوە بە بڕیاری حیزب بەتایبەتی دەفتەری سیاسی بەرپرسی ئەو
ڕیزە کارانەیە. تکایە ئێوە کار و باری پێشمەرگایەتی بکەن و فوو بە ئاور دا مەکەن.»
«ئەو
وەڵامانە پێشمەرگەی بەو ئاکامە گەیاندبوو کە کۆمیتەی شارستان، نە پێی خۆشە و نە
بەباشی دەزانێت و نە دەتوانێت قەرار بدات شەڕ لە گەڵ کۆمەڵە بکرێت.»
کاک سەعید لە درێژەی وتارەکە
دا بەم جۆرە حەقیقەتی ڕووداوەکە ئاشکرا دەکات:
«دەرکەوت
کە هاوینی ١٩٨٣ پلانی کێشە و تێک هەڵچوونی پێشمەرگەی حیزب و بنکەی کۆمەڵەی گوندی
بەردەسوور لە بنکەی هێزی موعینی ڕا نەخشەی کێشراوە، کە چەند پێشمەرگەیەک لە گوندی
دیواڵان ڕا بچنە سەر بنکەی کۆمەڵە و چەکیان بکەن.»
«دیار
بوو بڕوایان وا بوو کە بە هاسانی چەک دەکرێن و بێ خوێن ڕشتن لە ناوچەیان دەردەکەن.
بیریان لەوە نەکردبووە کە دەرگیری دوو دەستەی چەکداری دژ بە یەک هەر وا بە هاسانی
ناکرێت و نابێ و کارێکی ساکار نیە.»
ئەم بەشە بە ڕوونی نیشان
دەدات کە نەخشە و پلانەکە بڕیاری ڕێبەری حدکا بووە و بە فەرماندەیی مەلا حەسەن
شێوەسەڵی ئەنجام دراوە.
مەلا حەسەن شێوەسەڵی و
پێشمەرگەکانی کۆمەڵە سێ ڕۆژ بەر لە کارەساتەکە سەبارەت بە کێشەی گومرگ دانیشتنیان
هەبووە. پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لە وەڵامی مەلا حەسەن سەبارەت بە وەرگرتنی گومرگ
دەڵێن: «ئەوان ویستی حیزبی دێموکرات بە ناوەندی کۆمەڵە ڕادەگەیەنن و تا بڕیاری تازەی
کۆمەڵەیان بۆ دێت، بەردەوام دەبن لە گومرگ وەرگرتن.»
مەلا حەسەن بەم وەڵامە ڕازی
نابێت و لە ئاخری دانیشتنەکە هەڕەشەیان لێدەکا و بە تووڕەیی دەڕواتە دەر.
سەعید کوێستانی دەڵێت:
«بە
داخەوە چوار پێنج کەس لە هەردوو لایەن لەسەر هیچ و خۆڕایی کوژران و بنەماڵە و کەس
و کاریان داخدار، پەرۆش و ڕەشپۆش بوون.»
کاک سەعید: «ئێمە لە کۆمیتەی
شارستان بێخەبەر دانیشتبووین و ئاگامان لەو کەین و بێنە نەبوو. هەواڵیان هێنا هێزی
موعینی و کۆمەڵە پێکەوە دەرگیر بوونە و شەهید و بریندار لە هەردوو لایەن هەیە.»
ئەوە تەواوی پەڕەکەیە و تا
ڕادەیەکی زۆر چۆنیەتی کارەساتەکە دەخاتە ڕوو.
لە پەڕەی ٢٥٢ دا دەنووسێت:
«هەواڵم
پێ گەیشت کە پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە بە برینداری گەیەندراوەتە بنکەی مەزرایە. میرزا
خدر کە بەرپرسی کۆمەڵایەتی بوو، خۆی کاری دەرمانی دەکرد. مهئموریهتی درایه کە
بەپەلە خۆی بگەیەنێتە ئەو پێشمەرگەیە بۆ ئەوەی هەرچی زووتر بەڕێی بکات بۆ قەڵادزێ تا
بەو برینە نەمرێت»
من لە پێشدا بە وردی باسی
ناردنی برایم گۆمانی و بریندارێکی تر (خدر زورەیی)م کردووە. چۆنێتی هەڵوەشاندنەوەی
پیلانە داڕێژراوەکەی مەزرایەم بۆ لەناوبردنی برایم گۆمانی شی کردووەتەوە. دیارە
کاک سەعید کوێستانی لێی ئاگادار نەبووە.
کاک سەعید سەبارەت بە
ئەسیرەکانی کۆمەڵە دەنووسێت:
«دوایە
گوتیان شەش پێشمەرگەی کۆمەڵەیان گرتووە و لە بنکەی “لک” لە گوندی بووبانە
ڕاگیراون. لەگەڵ دوو سێ برادهر بۆ ئەوەی بەڵا و ناڕەحەتییان بەسەر نەیەت، بەپەلە
خۆم گەیاندنی»
«کاتێک
چووم، لە خانوویەکیان کردبوون و خۆڵ و تۆزێکی زۆریان لێ نیشتبوو، ئێستاش نازانم
لێیان دابون یان نا. دەرگایان لەسەر داخرابو و زۆر بە کزی و نیگەرانی دانیشتبوون.»
سەعید کوێستانی لە درێژەی
باسەکەدا دەڵێت:
«چوومە
ژوور، لە نێویان دانیشتم و هەواڵم پرسین. دوای شیکردنەوەی هەندێک ڕووداوی حیزب و
کۆمەڵە و دژایەتییەکانیان هەروەها ناره وابوونی ئهو کاره ساته ، پەرۆشی خۆم
دەربڕی. وەک بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی سەردەشت داوای لێبوردنم لێ کردن و گوتم: “نهمزانیوه
پێش بە ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە بگرم و نەهێڵم دوژمن پێمان خۆش بێت.” دەکرێ بڵێم
هێندێک هاتنە سەر حاڵ و بۆیان ڕوون بووە کە ناکوژرێن و ئازاد دەبن. من تا
ئەو کات نەمدەزانی ئەو شەڕە چۆن بووە و چۆن پێکهاتووە.»
«بۆ
سەرەتای ڕۆژی دواتر، کاک حەسەن شێوەسەڵی (فەرماندەی هێزی موعینی) هات و پاکانەیەکی
زۆری بۆ خۆی کرد و گوتی: “ئاگاداری ئەو پێهەڵپڕژانە نەبووم”»
لە دەقی نووسراوەکە ڕوونە کە
کاک سەعید باوەڕی بە قسەکانی مەلا حەسەن نەکردووە و بۆی ڕوون بووەتەوە کە
گیانبەختکردووانی کۆمەڵە بە دەستووری ڕاستەوخۆی مەلا حەسەن ئیعدام کراون. تاوانەکە
هێندە گەورە بوو کە تەنانەت مەلا حەسەن فەرماندەی کوشتارەکە خۆی لێ دەشارێتەوە و
لای سەعید کوێستانی پاکانە بۆ خۆی دەکات.
سەعید کوێستانی لە پەڕەی ٢٥٣
دا باسی هاتنی هەیئەتێک دەکات بە ناوی «هەیئەتی لێکۆڵینەوە» کە بریتی بوون لە:
مەلا محەممەد غەفووری (لە لایەن کۆمەڵەوە)، مەلا حەسەن نەزهەتزادە (لە لایەن
دەفتەری مامۆستا)، و حوسێنی مەدەنی (لە لایەن دەفتەری سیاسی حیزب).
وا دیارە کاک سەعید لە بیری چووەتەوە کە ئەو
هەیئەتە شەش کەس بوون، نەک سێ. (پێویستە بڵێم هەیئەتەکە لەم شەش کەسەی خوارەوە
پێکهاتبوو: ١. لە لایەن کۆمەڵەوە: برایم مینەشەم و کەسێکی تر. ٢. لە لایەن دەفتەری
مامۆستاوە: مەلا محەممەد غەفووری و مەلا حەسەن نەزهەتزادە. ٣. لە لایەن دەفتەری
سیاسی حیزبەوە: حوسێنی مەدەنی و میرزا خدر مەڕەسەنە.)
کاک سەعید لە درێژەی
باسەکەدا دەڵێت:
«ئەوەی
ڕاستی بێ ئیمه لە سەرەتای هاتنی ئەو
کۆڕەدا نەمان دەزانی دەستپێشخەر کێ بووە و تێک هەڵچوون لەسەر چی بووە. دوای ئەوەی
کەوتینە پرسیار و پێشمەرگەکانمان دواند، هەموو شتێکیان بۆ گێڕامەوە.»
لێرەدا سەعید کوێستانی
چۆنێتی ڕووداوەکە ئاشکرا دەکات و وێنەیەکی ڕوون بە دەستەوە دەدات:
«لە
لایەکی دیکەوە نەدەکرا ئەوەی ڕاستەقینەیه بۆ ئەو کۆڕە بینینه گوری»
واتە لەگەڵ ئەوەی کە بۆ کاک
سەعید ئاشکرا و ڕوونە حەقیقەتی ڕووداوەکە چۆن بووە، بەڵام ناکرێت بۆ کۆڕەکە باس
بکات چونکە وەک دەڵێت:
«ئێمە
دەبوایە نەخشی ئاشتبوونەوە و ڕێککەوتن بگێڕین و ئەوان ڕازی بکەین کە نەزانی و ئیحساسات
پێشمەرگەکانی تووشی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە کردووە»
سەعید کوێستانی لە درێژەی
بیرەوەرییەکەیدا:
«من
وەک کەسێک کە هەست بە بەرپرسپاری دەکات، بە دوور و درێژی لەگەڵ حوسێنی مەدەنی
(نوێنەری حیزب) قسەم کرد و باسی ڕووداوەکەم بۆ گێڕایەوە. هەروەها ڕاستیی
کارەساتەکەم بە نامە بۆ دەفتەری سیاسی نووسی و بە کاک حوسێنی مەدەنی دا بۆم ناردن
و ڕوونم کردەوە کە ئەو نەخشە لە کوێ ڕاکێشراوە و تاوانی ئەو پلانە دەگەڕێتەوە سەر
کێ و کۆمەڵە دەستپێشخەر نەبووە.»
لە بیرەوەرییەکەی سەعید
کوێستانی دا تەواوی پیلانەکە، دەستپێشخەر و خوڵقێنەرەکەشی (مەلا حەسەنی شێوەسەڵی
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزب) بە ڕوونی دەبینرێن.
سەعید کوێستانی بەم جۆرە
کۆتایی بە باسەکە دەهێنێت:
«نوێنەرانی
کۆڕی لێکۆڵینەوە کاتێک لەو بارەوە هیچ شتێکیان بۆ ڕوون نەبووەوە و ڕاستەقینەیان بۆ
دەرنەکەوت، هەروا بە ناڕوونی کۆمیتەی شارستانی سەردەشتیان بەجێ هێشت و ڕۆیشتنەوە.»
دەقی نووسراوەکەی سەعید
کوێستانی بە ڕوونی نیشان دەدات کە چۆنێتی هەڵگیرسان و وردەکاری ڕووداوەکە بۆ
کۆمیتەی شارستانی سەردەشت ڕوون و ئاشکرا بووە. کاک سەعید کە خۆی بەرپرسی کۆمیتە
شارستان بووە، حەقیقەتی کارەساتەکەی بە نامە بۆ کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکرات
ناردووە. لێرەدا بۆ خوێنەر ڕوون دەبێتەوە کە تەنانەت ئەگەر ڕێبەرانی حیزبی
دێموکرات پلانەندەری کارەساتەکەش نەبووبن، حەقیقەتی ڕووداوەکەیان بۆ ئاشکرا بووە.
بەڵام چاوپۆشییان لە تاوانباران و بکوژانی ئەسیرەکان کردووە.
خدر مەرەسەنە –
«ناوێنەی ڕاستییەکان»
خدر مەرەسەنە کتێبێکی بە ناوی «ناوێنەی ڕاستییەکان»
نووسیوە کە ساڵی ٢٠٠٠ لە سوێد چاپ کراوە. ئەو کتێبە لەسەر ڕووداوی بەردەسوور، پڕە
لە ناراستی، چەواشەکاری و پاکانە بۆ داڕێژەر و جێبەجێکاری کارەساتەکە (حەسەن
شێوەسەڵی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکرات).[7]
خدر مەرەسەنە ئاوا ڕووداوەکە دەگێڕێتەوە:
«بە
پێویستم زانی بۆ ڕوونبوونەوەی خوێنەرە بەڕێزەکان، نیشارەیەک بە چۆنێتی دروستبوونی
شەڕ و تێک هەڵچوونی نێوان پێشمەرگەکانی حیزب و کۆمەڵە لە گوندی بەردەسوور بکەم.
ڕاستی و چۆنێتی ڕووداوەکە وەک خۆی بگێڕمەوە.»[8]
«لەو
کاتەدا هێزەکانی ڕژێمی پەلامار لە دوای پەلاماردا دەیانکردە سەر ناوچە
ڕزگارکراوەکانی ژێر دەستی پێشمەرگە. لەدوای ڕووداوی بەردەسوور، سەرکردایەتی حیزب و
کۆمەڵە بۆ ئەوەی پێش بە ڕووداوی دڵتەزێنتر بگرن، بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنێتی
ڕووداوەکە، هەیئەتێک پێک دەهێنن: لە لایەن حیزبەوە حوسێنی مەدەنی و من، لە لایەن
کۆمەڵەوە برایمی مینەشەم و برایەکی دیکەی سەرکردایەتی کۆمەڵە، لە دەفتەری مەلا شێخ
عیزەدین، مەلا محەممەد غەفووری و مەلا حەسەن نەزهەتزادە بەشداربوون.»
ئەوەی جێگای پرسیار و
تێڕامانە، هێنانەوەی ئەو سۆغڕا و کوبڕایەی سەبارەت بە پەلامارە یەک لەدوای
یەکەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بۆ چییە و بۆ ئاوا دەیووروژێنێت؟ بە چ مەبەستێک
هەوایەکە لێڵ دەکات؟
خدر مەرەسەنە بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان، بێ هیچ
لێکدانەوە و شیکردنەوەیەک، پاش چینی سۆغڕا و کوبڕایەکە، یەکڕاست دەچێتە سەر ئەو
هەیئەتەی پێکهێنرابوو. دەڵێت:
«بەپێی
ئەو لێکۆڵینەوەی کە لە نزیک دوو سەد کەس لە گوندی بەردەسوور و ناوچەکانی دیکە کرا،
دەرکەوت بەشێک لە بەرپرسانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بەبێ ئاگاداری فەرماندەی هێز
(واتە حەسەن شێوەسەڵی) و کۆمیتەی شارستان، کۆبوونەوەیەک لە گوندی ئاغەڵان پێک دههێنن
و لەسەر وضعی کۆمەڵە کە لەو ناوچەیە گومرگ وەردەگرن، بیر و ڕایا دهگۆڕنهوه و
بڕیار دهدهن کە دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی حیزب، بە بەرپرسایەتی فەقێ ڕەسوڵی
بیشاسب (جێگری هێز) بچنە بنکەی کۆمەڵە لە ناوچەکانی نێوچوان و بەردەسوور.»
جێگای وردبوونەوەیە کە کاک خدر
چۆن پاکانە بۆ فەرماندەی هێز (مەلا حەسەن شێوەسەڵی) دەکات و وای نیشان دەدات کە
ئەو ئاگای لەو پیلانە کارەساتبارە نەبووە.
پێویستە ئەوەش باس بکەین کە
ئەو دوو سەد کەسەی ناوبراو ئاماژەی پێکردووە، کێ بوون و لە چ فەزایەکدا وەڵامی
پرسیارەکانیان داوەتەوە؟
هەر وەک پێشتر باسم کرد، ئەو خەڵکە بۆ پێشگیری
لە خوێنڕێژی چوونە پێش دیموکراتەکان لە نزیک چایخانەکهی بەردەسوور. بەڵام برایم
خەڕاتی کۆنەقیادە، بۆ پاشەکشە پێکردنیان بە سەریاندا دەگوڕێنیت و سوێند دەخوات وەک
پاستاران دەیانکوژێت. ئەم هەڕەشەیە دەبێتە هۆی پاشەکشە و بڵاوەپێکردنی خەڵکەکە.
ئایا لەو ٢٠٠ کەسەی "خدر مهرهسه نه"
باسی دەکات، هێچ کام لەو خەڵکەی تێدا نەبووە کە بۆ پێشگیری لە خوێنڕێژی چوونە پێش
هێرشبەرانی دێموکرات و بە هەڕەشە و تۆقاندن باڵەوەیان پێکراوه؟!
دیارە کاک خدر بە ئەنقەست
باسی ئەو خەڵکە ناکات و ڕوونی ناکاتەوە کە لە چ کەسانێکی پرسیوە و پرسیارەکان چی
بوون؟
خدر مەرەسەنە: «بۆ ئەوەی
پێیان ڕاگەیەنن کە ئەوانیش بەپێی ئیمکانات و بەگوێرەی ئەو هێزەی کە هەیە لە
ناوچەکە، بەشداری بکەن.» بۆ ئەم مەبەستە
فەقێ ڕەسوڵ لەگەڵ دە پێشمەرگە دەچێتە گوندی بەردەسوور. ناوبراو لە چایخانەیەکی
نزیک گوندەکە، پێشمەرگەکانی بەجێ دەهێڵێت و بۆ خۆی لەگەڵ چوار پێشمەرگە دەچێتە
بنکەی کۆمەڵە و لەگەڵیان کۆ دەبێتەوە و زۆر دۆستانە لەگەڵیان دەدوێت، بەتایبەتی
لەگەڵ حوسێنی عەبداڵی کە بەرپرسی کۆمەڵە دەبێت و مەسەلەکان باس دەکەن.
خدر مەرەسەنە: «هەر لەو کاتەدا پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە
بە ناوی برایم گۆمانی لەبەر دەرگای بنکە بە خدر زورەیی دەڵێت: “ئەوە جاشهکانی
بەعسی عێراق لە چی دەگەڕێن؟” خدر زورەیی لە وەڵامدا دەڵێت: “هەتیوە عەیبە، ئەو
قسانە مەکە، ئەوە برادەران لە ژوورەوە خەریکی قسە کردنن.” برایم گۆمانی لە ناکاو
تەقە لە خدر دەکات و برینداری دەکات. ناوبراو بە برینداری تەقە لە برایم دەکاتەوە،
ئەویش بریندار دەبێت.»
بەڵام ئەم ڕوونکردنەوەیە
لەگەڵ ڕاستییەکەدا ناکۆکە. من (نووسەری ئەم وتارە) یەکێک بووم لە یەکەمین
گیراوەکانی کۆمەڵە لەو چایخانەیەدا. پێشمەرگەکانی
دێموکرات نەک دە کەس، بەڵکوو ژمارەیان زیاتر لە سەد کەس بوو.
تەنانەت کەسانی زۆر دژە
کۆمەڵەیان لە ناوچەی خانێ هێنابوون تا دەست لە کوشتنی ئەسیرەکان نەپارێزن. برایم
خەڕاتی کۆنەقیادە و پەلی ژێر فەرمانی لەم کەسانە بوون. خەڵکی بەردەسوور بۆ پێشگیری
لە شەڕ و خوێنڕێژی هاتبوونە پێش دیموکراتەکان، بەڵام برایم خەڕات بەسەر ئەم
خەڵکەدا گوڕاندی و گوتی: «بە گۆڕی قازی محەممەد، ئەگەر هەنگاوێک زیاتر بێنە پێش
وەک پاستاران دەتانتۆپێنین.» ئەم هەڕەشەیە بوو بە هۆی پاشەکشەی خەڵکەکە لە ترسی
کوشتن.
سەعید کوێستانی نووسیویەتی
نەخشە و پلانی شەڕەکە لە گوندی دیواڵان داڕێژراوە. بەڵام خدر مەرەسەنە دەڵێت
پلانەکە لە گوندی ناغەڵان و بێ ئاگاداری مەلا حەسەن تەگێری بۆ کراوە. دوو
گێڕانەوەی تەواو جیاواز و دژ بە یەک. سەعید کوێستانی دەڵێت پێیان وابوو بە ئاسانی
چەک دەکرێن و خوێن ڕشتن نایەتە ئاراوە، بەڵام خدر بە ئەنقەست شانۆیەکی دیکەی
هێناوەتە گۆڕ.
خدر مەرەسەنە لە درێژەی
نووسراوەکەیدا دەڵێت:
«لە
ژووری بنکەی کۆمەڵەش، بێ ئەوەی بزانن ئەو تەقەیە چییە و بۆ کراوە، برایانی کۆمەڵە
دەستڕێژ لە فەقێ ڕەسوڵ دەکەن و بە سەختی برینداری دەکەن و دوای کاتژمێرێک شەهید
دەبێت. پێشمەرگەکانی حیزب کە چاوەڕوانی گەڕانەوەی هاوڕێکانیان بوون، بە دەنگی
تەقەکەوە دەچنە نزیک بنکەی کۆمەڵە.»
ئەوەی ڕاستی بێت،
پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بێ هیچ ئاگاداریەک لە ناکاودا هێرشیان کراوەتە سەر و بۆیە زوو
تێکشکێنران و ئهو کارهساتهیان به سهر دیت. بە پێچەوانەی نووسراوەکەی کاک خدر،
فەقێ ڕەسوڵی بیشاسب لە دەرەوەی بنکەی کۆمەڵە بریندار دەکرێت (وەک خودی من بە چاوی
خۆم دیتم). هەروەها کاک عەزیز بایزیدی لە بەر دەرکی بنکەکەیان خەریکی جل شتن بوو و
دوای تەسلیمبوون ئیعدام کرا.
خدر مەرەسەنە لە بەشێکی
دیکەدا نووسیویەتی:
«بەپێی
لێکۆڵینەوەی ئەو هەیئەتەی کردمان، دەرکەوت کە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بە
مەبەستی شەڕکردن لەگەڵ کۆمەڵە نەچوونە گوندەکانی بەردەسوور و نێوچوان.»
داستانەکەی کاک خدر تەواو
دژایەتی هەیە لەگەڵ نووسینەکەی سەعید کوێستانی. من خۆم شاهیدی زیندووم کە
فەرماندەی هێزی موعینی (مەلا حەسەن شێوەسەڵ) سێ ڕۆژ پێش ڕووداوەکە لە گوندی
بەردەسوور لەگەڵ سێ بەرپرسی کۆمەڵە دانیشتنی هەبووە و دوایە لەسەر وەرگرتنی گومرگ
هەڕەشەی لێ کردن و ئۆلتیماتۆمی پێ دابوون.
خدر مەرەسەنە دەڵێت: «بەڵام هەر چۆنێک بێت، ئەو
شێوەی هەڵسوکەوتە لەو بارودۆخە ئاڵۆزەدا کە هەردوو لا ناکۆک و دژایەتی یەکتریان
دەکرد...»
کاک خدر بە زەقکردنەوەی
«بارودۆخی ئاڵۆز و ناکۆکی هەردوو لا» کەوتۆتە پاساو هێنانەوە بۆ ئەم تاوانە
گەورەیە. کاک خدر بە شێواندنی حەقیقەتی ڕووداوەکە، «ناوێنەکەی» قۆڕاو کردووە. لە
ئاکامدا ڕاستییەکانی ئەم کارەساتە لە ناوێنەکەی ئەودا نابینرێن.
هیوادارم بیرەوەرینووسانی
کورد کتێبەکانیان بکەنە «ناوێنەی ڕاستییەکان» تا نەوەی دواتر هەڵەکانی پێش خۆیان
دووپات نەکەنەوە و کۆڕی خەڵک بە دەستی کۆڕی خەڵک نەکوژرێت.
کورتە
ژیاننامەی نووسەر: قادر قادری (کاوە ئەحمەدی - ژاکاو)
من قادر قادری پێش
ڕاپەڕینی گەلی ئێران دژی حهمه ڕەزاشای پەهلەوی لە سەرشیوی سەردەشت مەلایەتیم
دەکرد. هەر بۆیە ئەو کات ناسرابووم بە مەلا قادری سەرشیو.
لە ڕێگەی دکتۆر جەعفەر
شەفیعیەوە لەگەڵ بیری چەپ و کۆمەڵە ئاشنا بووم و بوومە لایەنگڕێکی هەڵسوڕاوی
کۆمەڵە.
کۆمەڵە لە ساڵی ١٩٧٩ خەباتی
ئاشکرای دەست پێ کرد. لەو کاتەوە لە پێناو ئامانجەکانی بیری چەپدا لەم ڕێکخراوەدا
تێکۆشانم گەرم و گۆڕتر کرد.
من هیچ کاتێک لەناو کۆمەڵەدا
پێشمەرگایەتیم نەکردووە، تەنیا وەک هەوادارێکی هەڵسوڕاو کارم دەکرد.
بەپێی ئەرکێک کە دکتۆر
جەعفەر شەفیعی پێی سپاردبووم، لەنێو پێشمەرگە و لایەنگڕانی حیزبی دێموکراتی
کوردستانی ئێران، کاری تەبلیغیم بۆ سۆسیالیزم و کۆمەڵە دەکرد.
لە زۆر قۆناغدا حیزبی
دێموکرات بە شێوەیەکی زۆر نا مرۆڤانە ڕووبەڕووی من دەبوونەوە.
لە سەرشیو، بەردەسوور و
میراوەی سەردەشت، هەر جارێک بە بیانوویەک لە لایەن ئەو حیزبە دەگیرام و ئازار
دەدرام.
لە ناو ئەم حیزبەدا زۆر
پێشمەرگەی زەحمەتکێش و دڵپاک بووبوون بە دۆست و لایەنگری من و ڕێبازەکەم.
بە پشتیوانی بەردەوامی ئەم
دۆستانە، دەمتوانی درێژە بە خەباتی خۆم بدەم. ئەوانە زۆر جار منیان لە پیلانەکانی
حیزبی دێموکرات دەپاراست. هەر بۆیە لەم هەموو گرتنانە ڕزگارم دەبوو.
بۆ درێژەدان بە خەباتی سەخت،
شێوەگەلی نوێ و کارامەم دەدۆزییەوە و دەکارم هێنان.
لە ئاکامدا لە زۆر لووتکەی
هەڵدێر توانیم خۆم بگرمەوە و لە کەوتن ڕزگارم بێت.
ئەوە خۆی لە خۆیدا زۆر
ناوهەڵگرە و چیرۆکێکی پڕ خوار و ژوور و پڕ کەند و لەندە.
حیزبی دێموکرات لەو دەورەی
کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەسەڵاتی لەدەست دابوو، ئەوپەڕی ستەمکاری و پاوانخوازی
دژی جیابیران پەیرەو دەکرد.
تەواو بە پێچەوانەی دروشمی
ئەوکاتی خۆی کە «دیموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان» بوو، ڕەفتاری دەکرد.
پاراستنی داب و نەریتی
دواکەوتووانەی کۆمەڵگای کوردی و پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی بیری چەپ و ئازادی لە
ناخیدا، خۆی دەنوواند.
ژاکاوی زاخاو چێژتوو بە گژ
ئەم ڕێبازە چەوتەدا دەچووەوە و تووشی دەرد و ئازاری
زۆر دەبوویەوە...
بە یاد یارانی کۆچکردوو
ئێوە هەتاوی خۆرێکیورە بەخشی ڕەنجدەران بوون
بۆ ڕاماڵینی شەوەزەنگ
لە بۆ چۆنژین چاوەڕوان بوون
لە ڕێڕەوی ڕێبازتاندا
زۆرو چێژتن ڕەنج و ئازار
ئاسۆی سۆسیالیزمی بیرتان
سەرچاوەی ڕوون بوو لە بۆ کار
بەڵام شەشەمە کوێرەکان
دژی خۆری بیری نوێ بوون
بکوژی پێنج مەشخەڵداری
چرای ڕێگای بلشویزمانی پەیگیر بوون
ئەوانەی لەجیاتی مەنتیق
چەکی کوشتن بە کار دێنن
نوقمی فەرهەنگێکی نزمن
تاریکەسەلات دەچێنن
عەزیز بیرەوەرییەکانت
نەخشن لە دەروون و گیانم
وتە و هەست و بزەکانت
ڕەنگدانەوەن لە سەر ژیانم
زەردە خەنەی ئەو کاتانەی
داوای شتێکت لێم دەکر د
هێندە گەرم و بلاوێن بوو
گیانیش با، پێشکەشم دەکر د
نموونە زۆرن عزیز گیان
لە سندووقی دڵ دانراون
هەر کامەییان سەرچاوێکن
تین و تەوژمن، هەتاون
حوسێن ئەو شاعیرە نوێیەی
کانی زانی ئاسۆی ڕوون بوو
مخابن نەیانهێشت تا سەر
لە نیوەی ڕێ لە دەسمان چوو
لەسینەی ئەو شاعیرە دا
دەریایەک شیعر سەربڕان
بوونە سوتەمەرۆی ژانێک
داخ بە جەرگم، چییان لێ کران
هاورێ قادر تۆ هەوێنی
لە ناو دڵی شیعرەکانم
سەرچاوەی هەستی پاراوی
ئاسۆی ڕوونی هەستەکانم
هاورێ عەتا یادی بە خێر
ئەو کاتە بوێرانەی تۆ
بەڵام مەرگە تراژیدیاکەت
کت و پڕ بوو، دەزانم بۆ
هاورێ عەبدوڵڵا ش یەکێک بوو
لەو ڕووداوە دڵتەزێنە
کە لە بەردەسوور خولقاندیان
گیانی بەخت کرد لەو شوێنە[9]
یوتەبوری سوێد- 2017

https://youtu.be/oyPcDIUb2pI?si=qIDJBzH6x117haok
دێوەرە و کەر
عەبدوڵا پەشێو، شاعیر و
کۆمەڵناسێکی شارەزای باشووری کوردستان، بە زمانێکی تەنز، سیستمی کوردایەتیی نوێ
فێئۆدالی وێنا ده کات.
[10] ئهم شێعره ئاوێنهی باڵانوێنی حیزبه
سوننه تیهکانی کوردستانه که تهنیا دهیانههوێ "کهرسوار" بگۆڕدرێت
نه ک "که رسواری" کۆتایی پی بێت.
https://youtu.be/oyPcDIUb2pI?si=qIDJBzH6x117haok
دێوەرە
و کەر
دێوەرەیەک
بە سواری کەر،
ڕێیەکی
دووری گرتە بەر،
نەیهێڵا
کەر بدات بێنێ،
تا ڕێیان
کەوتە بژوێنێ.
کەر کە
بینیی وا لەو ناوە
گیاوگۆڵ
سەری پێوەناوە،
میوانی
گەورەی سروشتە،
نە خێو،
نە باری لە پشته،
بە زەڕەزەڕ،
بە غارەغار،
دنیای
هەموو کردە بەهار.
لەپڕ
خاوەن کەری زۆرزان
هەستی
کرد وا لەودیو تەلان
هەرا و
هۆریا و دەنگەدەنگە،
ئیتر
زانیی کاری لەنگە!
گوتی:
کەرە گیان، گوێ بگرە،
ئەو دەنگە
دەنگی ڕێگرە!
هەتا
زووە با بارت کەم
لە ڕێگران
ڕزگارت کەم.
کەر دایە
قاقای پێکەنین...
گوتی:
قوربان، هاوڕێی شیرین!
بارەکەم
لە خۆت بار کە
هەتا
زووە خۆت ڕزگار کە.
کە من
کەر بم، بارەبەر بم
کورتان
لە پشت، هەشبەسەر بم
فەرقی
چییە؟ دەرد هەر دەردە،
«کەری تۆ بم، یا هی
جەردە!»
https://drive.google.com/file/d/1_n6lIdyzznewduKTnzCApDDYPqtUbNev/view?usp=drive_link
پەراوێز و سەرچاوەکان
[1] - شرۆڤەیەک لەسەر ناسیۆنالیسمی
کوردستان: مێژووی سەد ساڵەی حیزبە ناسیۆنالیستەکانی کوردستان نیشان دەدا کە لەگەڵ
سیستەمی ستەمکاری دەوڵەتانی ناوەندی کێشەیان نییە. کێشەی سەرەکیان وەک هەر هێزێکی
ناسیۆنالیستی دواکەوتوو، ئەوەیە کە خۆیان وەک نوێنەری چینی سەردەستی کۆمەڵگای کورد
(ئاغا و سەروەری خەڵکی کورد) ببینن، یان لە لایەن دەوڵەتەوە بەشدارێتیان پێ بکرێت
لە دەسەڵاتی سیاسی و ڕانتی ئابووریدا. کۆمەڵگای کوردستان بە گشتی لە دوو چین پێکهاتووە:
چینی سەردەست و چینی بەندەست. چینی سەردەست پێکهاتووە لە: پاشماوەی ئاغاوات، بنەماڵە
سوننەتییەکان، دەڵاڵ و سەوداگەران، بازرگانانی کاڵای تەواوکراوی شارە گەورەکانی دەوڵەتی
ناوەند، قاچاغچییە دەستڕۆیشتووەکان، کارمەندانی دەستڕۆیشتوو، بەشێک لە مەلایانی دینفرۆش،
و بە گشتی هەموو ئەو توێژانەی کە ئاسانتر لە خەڵکی ئاسایی داهات بەدەست دەهێنن. لەشکرێکیش
لە بێکارە، لۆمپەن، شاعیر، زوورنازەن و گۆپاڵبەدەست و مورییدی کۆدایەتیی دیوەخان بە
دوایانەوەن.
چینی سەردەستی کۆمەڵگای کوردی چەوسێنەرتر و ستەمکارترە لە چینی
سەردەستی نهتهوهی ناوەندی. ناوەزاندنی چینی سەردەست و حیزبە دێموکراتەکەیان بە
نوێنەری بۆرژوازی، هەڵهیهکی گەورەیە. بۆرژوازی بەرهەمهێنەر، داهێنەر و خوڵقێنەرە.
بەڵام لە کوردستان بەهۆی داگیرکارییەوە، بۆرژوازی کلاسیکی بەرهەمهێنەر ڕووی لە گەشە
نەکردووە. ئەوەی لە کوردستان بە ناوی سەرمایەدار دەبینرێت، دەوڵەمەندەکانی چینی سەردەستن.
هەندێک کارگەی بچووک و مامناوەندی مونتاژکاری هەن کە زۆربەیان بە ڕانتی دەوڵەت دامەزراون
و وابەستەن بە دەسەڵاتی ناوەند. چینی سەردەستی کۆمەڵگای کوردی لە چوار پارچەی
کوردستان، چینێکی کرمۆڵ، ڕزیو، ورگن، وابەستە و هەڵپەڕەستە. دوژمنی رویا گەورەکانی
مرۆڤایەتی وەک دیموکراسی، دادپەروەری و سۆسیالیزمە. لە بەرامبەر دەوڵەت و دەسەڵاتی
ناوەندیدا خۆبەکمزان، ترسنوک و چەماوەیە، بەڵام لە بەرامبەر چینی هەژار، مامناوەند
و ڕووناکبیرانی کورددا خۆبەزلزان، درۆزن، دڵڕەق و ستەمکارە (وەک بارزانییەکان، شیری
ماڵ و ڕێوی دەرەوە). ئامانجیان دامەزراندنی سیستەمێکە کە لە جیهاندا ناسراوە بە نێۆفیۆدالیزم
(فیۆدالیزمی نوێ) بە ڕەنگ و بۆنی کوردایەتی، کۆپی سیستمی چەتەگەری و کۆنەپەرستی هەرێمی
باشووری کوردستان. مارکس دەڵێت: کرێکاران نیشتیمانیان نییە. بەڵام لە کوردستان، بەهۆی
پێکهاتەی کۆمەڵگا و ئابوورییەکەی، ئەوه چینی سه ردهسته کە نیشتیمانی نییە. لە بەرامبەردا
زۆرینەی کۆمەڵگا (چینی ژیردهست، مامناوهند و ڕووناکبیر) خاوەنی هەستی نەتەوەیی و
هۆگری ئازادی، دیموکراسی و دادپەروەرین.
حیزب و ڕێکخراوەکانی
کوردستان، وەک هەر لایەنێک، نوێنەری چین و توێژی کۆمەڵگەیان. حیزبە دێموکراتەکانی
چوار پارچە، بەشی دەستڕۆیشتوو و ڕانخۆری یەکێتیی نیشتمانی، حیزبە ئیسلامییەکانی وەک
ئیخوان، کۆمەڵ و یەکگرتوو و دەعوەت و ئیصلاح، ئەنەکەسەکانی ڕۆژئاوا و ئیسلامییەکانی
سەر بە ئەردۆغانی تورکیا، هەموو نوێنەری چینی سەردەستی کۆمەڵگای کوردین. بنەماڵەی
بارزانی و شوێنکەوتوەکانیان بەرچاوترین نموونەی توێژی چینی سەردەستی کۆمەڵگای کوردین.
ئەمانە بە پێچەوانەی دروشمەکانیان، هیچ کارکردێکی ناسیۆنالیستی و نیشتمانپەروەریان
نییە. هاوکاری ستراتیژی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستانن بۆ سەرکوتکردنی ئازادیخوازان
و نیشتمانپەروەران، لە چوار پارچە و هەموو دەورانەکاندا.
لە کوردستان چینی بۆرژوازی نییە، بەڵکو چینێکی نێۆفیۆدالی هەیە کە دۆستی داگیرکەران و دوژمنی سەرەکی چینی ڕووناکبیر و دڵسۆزانی کۆمەڵگایە. ئەزموونی تاڵی چاردە ساڵ دەسەڵاتی خێڵەکی مەلا مستەفا (١٩٦١-١٩٧٥) و دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی لە باشوور، و نزیک بە دە ساڵ دەسەڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەشێکی ڕۆژهەڵات، نیشاندەری ئەم ڕاستییە تاڵەیە. دێموکرات و شهریکهکانیان چوار پارچەی کوردستان دوژمنی دەسەڵاتدارانی فارس، تورک و عەرەب نین، بەڵکو ڕەقیبی ئەوانن لە سەروەری و ئاغایەتی بەسەر کوردەکانی ناوچەی خۆیاندا. بە زمانێکی ڕوونتر، ئامانجیان نەهێشتنی ستەمکاری نییە، بەڵکو گۆڕینی ستەمکاری نەکورد بە جێنشینی ستەمکاری کورد.
[2] - لە ڕاستیدا گیانی کادر و پێشمەرگەی وەک ئەم پێنج ڕووناکبیرە زۆر گرینگتر بوو لە داهاتی گومرگ. ئەم قوربانییانە ئەگەر زیندوو بمانایە، دەیانتوانی هەزار هێندەی پولی ئەم گومرگە قازانج بە کۆمەڵە و ئارمانی چەپ، دادپەروەری و کاروانی پێشکەوتنخوازی بگەیەنن.
[3] - ئەگەر بمانەوێت لە قوڵایی کردەوە دژی مرۆڤانەکانی کارەساتی
بەردەسوور هەڵوێست بکەین، دەبینین کە ئەو حیزبە کۆنەپەرست و دەرەبەگەیە لە دژی جیابیران
و دژبەرانی خۆیدا لە هیچ کردەوەیەکی نا مرۆڤانە سەڵی نەکردووە. لە کوشتنی پەیکارەیەکان
لە بۆکانەوە تا شەڕ لە دژی کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی دیکەی کوردستان، لە زۆربەی ناوچەکاندا
هەموو سنوورێکیان بەزاندووە. بەدەیان و سەدان نمونە وەک کارەساتی هەورامان (١ و ٢)
و بەردەسوور، ئەوپەڕی بێبەزەیی و دڵڕەقی ئەو حیزبە پیشان دەدەن. جا نەک هەر کۆمەڵە،
بەڵکو هەموو گرووپ و ڕێکخراوەکانی دیکەش لە لایەن ئەو حیزبەوە زەبریان لێدراوە و بەربەستیان
بۆ خوڵقێنراوە. تەنانەت ڕابەرایەتی شۆڕشگێڕ کە لێی جیابوونەوە، لە دژیان وەستاوە و
دەیان پێشمەرگەیان لێ کوشتووە. بە شایەتی مێژوو، کارنامەی ئەو حیزبە لە پاوانخوازی
و قەتیسکردنی دیموکراسی پڕە
[4] - چونکە حەز ناکەم هیچ مرۆڤێک بە زەلیلی
ببینم، دیسان دەڵێم بە دڵگرانییەوە.
[5] - (سەیری: https://www.rojukurd.net/mela-hesen-shiweseli-keye31020-2
)
[6] - ئادرەسی پ.د.ئێفی ئاوڕێک
- نووسینی سەعید کاوە (کوێستانی): https://www.kurdland.com/various/ebooks/biography
[7] - لینکی کتێبی «ئاوێنەی ڕاستییەکان» -
نووسینی خدر مەرسەنە: https://www.kurdipedia.org/files/books/2016/96307.PDF?ver=131628332950000000
[8] - مەرەسەنە، خدر - «ئاوێنەی ڕاستییەکان»،
لاپەڕە ١٨٦.
[9] - ئەم شیعرەم لە یادەی
هاوڕێکانی گیانبەختکراوی کارەساتەکەدا هۆنیوەتەوە
[10] - فەرهەنگۆک:
دێوەرە = دەستگێڕ، چەرچی،
دەستفرۆشی گەڕۆکی ئاڵدێ.
خێو = خاوەن، ماخۆ، خودان.
تەڵان = هەوراز، زوورگ و
هەڵەت، گرد.
جەردە = چەتە، ڕێگر،
کەسێکە ڕێگا بە خەڵک بگرێت و بە زۆر ڕووتی بکاتەوە.
نظرات
ارسال یک نظر