هاوژیانی بنەماڵەی بارزانی و داگیرکەرانی کوردستان: تاکتیک یان ئیستڕاتژی؟


هاوژیانی بنەماڵەی بارزانی و داگیرکەرانی کوردستان: تاکتیک یان ئیستڕاتژی؟

دانلود نسخه پی دی اف

https://drive.google.com/file/d/16bjLpghSLHvd3ulhb-H1jVtvF6U30JIT/view?usp=sharing

 

پرسیاره‌که؟

بۆچی بنەماڵەی بارزانی لە حه‌فتا ساڵی ڕابردوودا بەردەوام دوشمنایەتی جوڵانەوەی شۆڕشگێڕانی هەر چوار پارچەی کوردستانی کردوە؟ بۆچی هەمیشە یەک، دوو، یان تەنانەت هاوزەمان سێ دەوڵەتی داگیرکەر لە شەڕ دژی هێزەکانی کورد پشتیوانی بارزانیان کردوە؟

ئەم پرسیارانە ئیدیۆلۆژیک نین، بەڵکو زانستی و مێژووین. جوابی ڕاستەقینەیان دەبێتە ڕووناکی بۆ ئیستڕاتژی ڕزگاری نەتەوەیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی له کوردستان.

نموونەی ئاشکرا: لە شەڕی دژی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان(1998-1993)، ساڵی یەکەم دەوڵەتی ئێران یارمەتی بارزانی دا. ساڵی دووەم تورکیا بە هێزی هەوایی و زەوینی هاتە یارمەتی بارزانی. ساڵی سێیەم گاردی کۆماری سەدام  له 31 ئابی 1996هەولێری لە دەستی یەکیەتی دەرهێنا و راده ستی بارزانی کرد.

هاوکاری تاکتیکی

هەمو هێزە کوردیەکان، بە خاتری هەڵکەوتەی جوغڕافیایی کوردستان کە لە نێوان چوار دەوڵەتی ناوچە دابەشکراوە، لە هاوکاری دەوڵەتانی داگیرکەری پارچەکانی دیکە دژی دەوڵەتی داگیرکەری پارچەی خۆیان کەڵکیان وەرگرتوە. ئەم پێوەندیانە تاکتیکی، کورتماوە و سنوردار بوون. لە چوارچێوەی سیاسەتی «دوشمنی دوشمنەکەم دۆستی منە» بەڕێوە چوون و هەر یەک لە دوو لایەنەکە کەم تا زۆر لێی سودمەند بوون. زۆر جارێش ئەم پێوەندیانە پچڕاون و دوشمنایەتی جێگای گرتۆتەوە. بۆ نموونە:

  • یەکیەتی نیشتمانی لە ساڵی 1982 پێوەندی لە گەڵ ئێران پچڕاند و هێزی پشتیوانی ڕەوانەی دێموکڕات و کۆمەڵە کرد و لانی کەم 18 قوربانیشیان دا.[^1]
  • پ.ک.ک تا ساڵی 1999 لە چوارچێوەی دوشمنایەتی هاوبەشی دژی تورکیا، لە دەوڵەتی ئێران یارمەتی وەردەگرت. بەڵام دوای ڕێپێوانەکانی ڕۆژهەڵات دژی ڕفاندنی عەبدولا ئۆجەلان و دروستبونی پژاک، کار کەوتە شەڕ؛ تەنانەت ئیعدامی ئەندامانی گیراو و ڕادەستکردنەوەی گریلای ئەسیر بە دەوڵەتی تورک.
  • لە چەند دەورەی جیاوازدا یەکیەتی و پ.ک.ک لە دەوڵەتانی سوریە و ئێران بە دژی دەوڵەتانی نەیاری هاوبەشیان یارمەتیان وەرگرتوە، بەڵام نەچوونە ژێر ویستی ئەم دەوڵەتانە بۆ لێدان لە کوردانی دژبەری ناوخۆیان.
  • دێموکڕاتەکانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەکان، سازمانی خەبات و هەمتایانیان بۆ ماوەی 24 ساڵ (1979 تا ڕوخانی بەعس 2003) لە لایەن دەوڵەتی ئێراقەوە یارمەتی دراون. بەڵام نەک تەنیا لە دژی کوردانی باشور شەڕیان نەکردوە، بەڵکو بەشێک لەو یارمەتیانەی کە لە سەدام وەریان دەگرت بە نەهێنی ڕادەستی پێشمەرگەی باشوریان دەکردەوە.

هەمو ئەم حیزبانە لە ژێر فشار بوون بۆ لێدانی کوردانی ڕاپەڕیوی پارچەی ژێردەستی دەوڵەتی پشتیوان. بەڵام ئەگەر پاشکۆیەتی یەکیەتی نیشتمانی لە بڕیارنامەی پارلمانی باشور 1992 و شەڕی قەرەداغی دژی پ.ک.ک لە ساڵی 2000 وەک هەڵاوێر ئەژمار بکەین،[^2] دەتوانین بڵێین کە غەیری بنەماڵەی بارزانی هیچ هێزێکی کوردی دژی حیزبە کوردیەکانی دەوڵەتی پشتیوان شەڕی نەکردوە.

هاوژیانی ئیستڕاتژیک: تایبەتمەندی بنەماڵەی بارزانی

بە پێچەوانەی هێزەکانی دیکە، پێوەندی بنەماڵەی بارزانی لە گەڵ داگیرکەرانی کوردستان درێژماوە و بێسنور بووە. کەمتر لە چوارچێوەی شەڕی دەوڵەتی ئێراقدا ماوەتەوە و زۆرترین شەڕی دژی هێزە کوردەکانی باشور، ڕۆژهەڵات و باکور بووە.

ئەگەر لێکۆڵینەوەیێکی زانستی و بێتەرەفانە لە ئاماری شەڕ و شوێنی گیانبەختکردنی شەهیدەکانی پارتی دێموکڕات بکرێ، ئاشکرا دەبێ کە زیاتر لە 90% لە شەڕ دژی یەکیەتی نیشتمانی، پ.ک.ک، حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، پ ک ک و... دا کوژراون.

ئەگەر بمانهەوێ وشەکان لە جێگەی خۆیاندا بەکار بێنین، ناتوانین پێوەندی بنەماڵەی بارزانی لە گەڵ داگیرکەران وەک هاوکاری تاکتیکی ناو بەرین. ناوی ڕاستەقینە و پڕبەپێستی دەبێتە «هاوژیانی ئیستڕاتژیک»: هاوکاری بنەماڵەی بارزانی لە گەڵ داگیرکەرانی کوردستان ئیستڕاتژیکە، بەڵام هی هێزە کوردیەکانی دیکە تاکتیکیە.

تێزی دۆکترینی[^5] مەلامستەفا

«دابینکردنی قازانجی دەوڵەت یان دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان لە پێناو پشتیوانی ئەوان بۆ ئاغایەتی بە سەر باشوردا.»

ئەمە پوختەی تێزی دۆکترینی نەنوسراو، بەڵام گەڵاڵەکراو و بە پراتیک کراوی مەلامستەفا بارزانیە. بیرۆکەی تێزەکە کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی میرنشینە کوردەکانی گرێدراوی دەوڵەتانی عوسمانی و ئێران کە لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەی زایینیدا کۆتاییان پێهات. میرنشینەکان بە پێی نزیکی جوغڕافیایی و میزانی دەسەڵات، پێوەندی خۆیان لە گەڵ یەکێک لەم دو دەوڵەتە گرێ دەدان. هاوژیانی میرنشین و دەوڵەت بۆ هەردوکیان پڕقازنج بوو: میرنشین ناوچەکەی بە ماڵیات، باج و شەڕکەرەروە خستۆتە خزمەتی دەوڵەت؛ دەوڵەتیش ئاغایەتی ویراسی بۆ میر و بنەماڵەکەی مسۆگەر کردوو و لە هێرشی دەوڵەتی دیکە پاراستویەتی.

مەلامستەفا لە ساڵەکانی 1960ی زایینی ئەم دۆکترینی بە ئاستێکی بەربڵاو بە کردەوە دەرهێنا. کوردانی باشور، باکور و ڕۆژهەڵات بوونە قوربانی ئەم ئیستڕاتژیە.

بۆ ناسینی بنەماڵەی بارزانی و پێشبینی سیاسەتی دواڕۆژیان، پێویستە بە قووڵایی مێژوویان دابچینەوە.

لە ساڵی 1961 مەلامستەفا بە ناوی کوردایەتی، لە لایەن ساواکی ئێرانەوە کرا بە ڕابەری شۆڕشێکی ئاغاواتی ناڕازی لە دابەشکرانی زەوی.[^3] ڕوناکبیران و هەڵسوواراوانی پارتی دێموکڕاتی کوردستان بە دوایدا کەوتنە ڕێ.

ئەم شۆڕشە لە سەرەتاوە دو باڵی هەبوو:

  • باڵی یەکەم: بنەماڵەی مەلامستەفا، عەشیرەتەکەی، ئاغاوات، پلەدارانی هۆز و دێهاتەکان.
  • باڵی دووەم: ڕوناکبیران، کەسانی هەڵقوڵاوی چینی نێوەنجی شارەکان، دێموکڕات، نوێخواز و چەپەکان، کە دواتر بە باڵی مەکتەبی سیاسی ناسران.

ئەم دو باڵە لە نێوەرۆک و ئامانجدا زۆر جیاواز بوون. تا ئەو ڕادەیەی کە باڵی مەکتەبی سیاسی لە چاکسازیەکانی عەبدولکەریم قاسم نزیکتر بوون تا کوێرە شۆڕشێکی کە لە هەمو خەونێکی پێشکەوتنخوازی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، مافی مرۆڤ، ئازادی تاک، بەرابەری ژن و پیاو، ئازادی بیر و باوەڕ بەتاڵ بوو.

باڵی مەکتەبی سیاسی فریای ئەوە نەکەوتن کە بەخۆیان دابێنەوە تا لە پاشکۆیی کوردایەتی عەشیرەیی-دەرەبەگی جیا بنەوە و سەربەخۆ بە شوێن ئامانجەکانیان بڕۆن، یان ببنە هاوکاری چاکسازیەکانی دەوڵەتی عەبدولکەریم قاسم.

لە ساڵی 1963، لە حاڵێکدا کە دەوڵەت خەرێکی شەڕی کوردستان بوو، نەتەوەیی و بەعسیەکان بە هاوکاری ئامریکا، شای ئێران و ئیسرائیل کۆتاییان بە سیستمی دادپەروەرانەی عەبدولکەریم قاسم هێنا.

باڵی مەکتەبی سیاسی پێیان وابوو کە لە ململانێ ناوخۆییدا دەتوانن بە شێوەیێکی دێموکڕاتیک کۆتایی بە ویلایەتی موتڵەقەی مەلامستەفا و بنەماڵەکەی بێنن. بەڵام مەلامستەفا، پشتبەستو بە هێزی چەکداری عەشیرەیی و شەڕوانی بێسەواد، لە ساڵی 1965 کودتای بەسەر باڵی مەکتەبی سیاسیدا کرد.[^4] هێندێکی لێکوشتن و ئەوانی دیکە ئاوارەی ئێران و هەمەدان کران. مەلا مەکتەبسیاسیەکی کارتۆنی لە کەسانی هەلپەرەست و گوێلەمستی خۆی پێکهێنا. پارتی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراق بەرهەمی ئەم کودتایەیە.

لە سەر بەڵێنی مەلامستەفا جەماعەتی مەکتەبی سیاسی گەڕانەوە باشور، بەڵام دەستبەسەر کران. کاتێک زانیان مەلا دەیهەوێ بیانکوژێ، بۆ نەجاتی گیانیان هەڵاتن بۆ ناو شارەکانی ژێردەستی دەوڵەتی ئێراق. بە هاوکاری شایەرانی دیوەخانی وەک هەژاری موکریانی، خالیدی حیسامی و ئەمیری قازی، ناوی جاشیی 66یان ڕەپاڵ خستن.[^6] لەوێش دەستبەرداریان نەدەبوون؛ لە جیاتی مۆڵگەی دەوڵەتی هێرشیان دەبردە سەریان و ئەندام و لایەنگرانیان بە تاوانی جاشێتی ئیعدام دەکردن.

تەنانەت لە مفاوزاتی حکومەتیشدا، پێش ئەوەی داوای مافی کورد بکەن، داوای دەرکردن و ڕادەستکردنەوەی جەلالیەکانیان (باڵی مەکتەبی سیاسی) دەکرد.[^7]

ئەم شەڕە درێژەی هەیە. ئەوەی تا ئێستا بە ناوی سوڵح، هاوپەیمانی و تەنانەت دەوڵەتی شەریکایەتی هاتۆتە ئاراوە، تەنیا ئاگربەستێکی کاتی بووە، بە خاتری دروستبونی باڵانسی هێز و نیازی دەستوەردانی ئامریکا و دەوڵەتانی داگیرکەر.

نموونەکانی کردەوەیی دۆکترینی بارزانی

  • بۆ ڕازیکردنی تورکیا، ڕێبەرانی پارتی دێموکڕاتی کوردستانی تورکیا، دوکتور شوان و سەعید ئەلچی کوشتن.(1972)
  • سەدیق ئەنجیری، ئەسعەد خودایاری، سلێمان موعینی، خەلیل شەوباش و مەلاڕەحیمی وەرتێ لە ڕێبەرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بە شێوازی جۆراوجۆر وەک تیرۆر و ئیعدام قوربانی کران؛ و دەیان شۆڕشگێڕی دیکە بە زیندویی ڕادەستی ساواکی ئێران کرانەوە کە زۆربەیان ئیعدام کران.(1968-1966)
  • دوای ئاشبەتاڵی 1975، یەکیەتی نیشتمانی کوردستان دروست کرا و بوو بە جێگای هیوای کوردانی ڕۆژهەڵات و باکوریش. بەڵام کاردانەوەی تورک و ئێرانی لێکەوت. لە ساڵی 1976 لە ماڵی دوکتور عەبدوڵای مەولەوی، لە ژێر چاوەدێری نوێنەری ساواکی ئێران و میتی تورک، قیادەی موەقەتی پارتی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراق دامەزرا.
  • دەوڵەتانی ئێران و تورکیا سەرکوتی بزوتنەوەی چەکداری کوردی سێ پارچەی ئێران، ئێراق و تورکیایان پێ سپارد. چەک و تفاقی باشیان پێدان و ڕەوانەی کێوەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی ئێراق کران.
  • یەکەمین گورزی قورس بەر یەکیەتی نیشتمانی کەوت و لە کارەساتی حەکاری 700 پێشمەرگەی لە دەست دا. ڕێبەرانی ئەم کاروانەش (عەلی عەسکەری، دوکتور خالید و حسێن بابەشێخ) دوای تەسلیمبون و گیرانیان بە ئارپیچی ئیعدام کران (1978).
  • بارزانیەکان دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران، لە داگیرکرانەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک کارامەترین هێزی میلیشایی ژێر فەرمانی ئێران ڕۆڵیان گێڕا و تەنانەت 600 شەهیدیشیان دا.
  • لە ساڵی 1981 بە پیلانی مەلاحەسەنی ورمێ، مەسعود و ئیدریس بارزانی جەنازەی مەلامستەفا لە گۆڕ دەرهێنرا و تاوانەکەیان خستە پاڵ حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران. ئەم تاکتیکە بوو بە هۆی ئەوەی کە چەکدارەکانی قیادەی موەقەت باوەڕ بەو سیناریۆیە بێنن و بە رقێکی قووڵ بکەونە شەڕ. بە جۆرێک تەنانەت لە ڕۆژێکدا لە دۆڵی بایزاوای شنۆیە 11 پێشمەرگەی کۆمەڵە و 22ی حیزبی دێموکڕاتیان کوشت.
  • تا ساڵی 1983 بە هاوکاری سپا و ئەرتەشی ئێران توانیان ناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژئاوای ورمێ، شنۆ و خانێ تا ئاڵوەتانی سەردەشت پاکسازی بکەن.

دوای ڕاپەڕینی 1991

بنەماڵەی بارزانی دوای ڕاپەڕینی 1991ی باشور، کە لە سەر دەستی لایەنگرانی یەکیەتی نیشتمانی پێکهات، لە کەرەج و راژانی ورمێ گەڕانەوە سەر سفرەی ئامادە. لە گەڵ یەکیەتی پارلمان و حکومەتی 50/50یان ڕاگەیاند. یەکەمین بڕیاری ئەم پارلمان و دەوڵەتە ڕاگەیاندنی شەڕی دژی پ.ک.ک لە ژێر چەتری دەوڵەتی تورک بوو. لەم خیانەتەدا یەکیەتی نیشتمانی کوردستان، بە پێچەوانەی مێژووی خۆی کە پشتیوانی شۆڕشگێڕانی پارچەکانی دیکە بووە، بوو بە پاشکۆی پارتی (1992).

پارتی دێموکڕات لە ساڵی 1994 بە پیلانی ئێران، تورکیا و ئێراق شەڕی دژی یەکیەتی دەستپێکرد. دوای چوار ساڵ توانی بە هاوکاری هەوایی، زەوینی و پارە و چەک و تفاقی زۆری هەرسێ داگیرکەر سەرکەوتن بە دەست بێنێت.

پارتی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراق لە ساڵەکانی 1998-1997 بە هاوکاری تورکیا شەڕێکی خوێناوی دیکەی بە سەر پ.ک.ک داسەپاند. بە ئۆپێراسیۆنی هاوبەش لە گەڵ سپای تورکیا دژی گریلاکانی پ.ک.ک قەناعەتیان نەکرد؛ تەنیا لە ڕۆژی 16ی گوڵانی 1997 زیاتر لە حەفتا کادری ڕۆژنامەوانی، دەرمانی و گریلای برینداری پ.ک.ک لە هەولێر کۆمەڵکوژ کران.

  وێنەی بەشێک لە کادرانی پ ک ک کە لە هەولێر کۆمەڵکوژ کران ١٩٩٧

لە ساڵەکانی 2012 تا 2014، لە حاڵێکدا کە یەکیەتی نیشتمانی بە قاچاغی چەک و پێداویستی بۆ ڕۆژئاوا دەنارد، پارتی دەروازەی سیمالکای بە سەر دادەخستن و 8000 بەکرێگیراوی کوردی ڕۆژئاوایی بە یارمەتی سپای تورک لە ژێر ناوی پێشمەرگەی ڕۆژ ڕێکخستن، بۆ بە گژدا چونەوەی شۆڕشەکەیان و خەندەکی بە ڕووی ڕۆژئاوا لێدەدا.



دیاردەی پانیک و پاڕان: ملکەچکردنی دژبەران

پانیک: پارتی ناو یەکیەتی

دوای ئەوەی پارتی دێموکڕات بە هاوکاری ئێران، تورکیا و ئێراق توانی یەکیەتی بە پاشکۆیەتی دەرەجە دووی خۆی ڕازی بکات، پەیمانی ئیستڕاتژیکی تەزویری بە سەرداسەپاند. بەشێکی زۆری سەرکردایەتیەکەی گیرۆدەی گەندەڵی ماڵی کردن و تەنانەت لە ڕێگای شانتاژی ئەخلاقی و ویدۆیی ملکەچ کران. بەم شێوەیە دیاردەی پانیک (پارتی ناو یەکیەتی) سەری هەڵدا.

پاڕان: پارتی ناو گۆڕان

پارتی لە ڕێگای شەریککردنی ڕێبەرانی گۆڕان لە ڕانتخۆری و پۆستی کارتۆنی توانی ئەم ڕێکخراوەیە لە نێوەرۆکی چاکسازیانە بەتاڵ بکات و تا ڕادەی پاشکۆیەکی دەرەجە سێی خۆی دایبەزێنێ. پێشتر بە قیمەتێکی هەرزانتر توانیبووی یەکگرتوی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی بخەسێنێ.

ئەنەکەسەی لە خڵتەی حیزبە وەرشکەستەکانی ڕۆژئاوا پێکهێنا و پێشمەرگەی ڕۆژی بۆ ساز کرد تا ئەزمونی خۆسەری دێموکڕاتیکی پێ لەبار بەرن.

دێموکڕاتەکانی ئێران، کۆمەڵەی موهتەدی، پارتی ئازادی یەزدانپەناه و کۆنەسیاسیە ماندووەکانی ڕۆژهەڵاتیان تا ئاستی ئەنەکەسەی ڕۆژئاوا دابەزاند.

لە ڕێگای شانتاژی ئەخلاقی و ویدۆیی، کەسانی وەک عەلی جەوانمەردی و هەمتایانی ملشۆڕی خۆیان کردن؛ تا بە شەپۆلی تەبلیغاتی درۆیین هێز و کەسانی دژبەری بنەماڵەی بارزانی تیرۆری کەسایەتی بکەن.

ئاکامی سی و پینج ساڵ دەسەڵاتداری بارزانی(2026-1991)

بنه‌ماله‌ی بارزانی به یارمه‌تی داگیرکه‌رانی کوردستان توانیان میرنشین (دەوڵەت-قەبیلە)ی بارزانی بە سەر شه‌ش ملیۆن کوردی باشوردا بسەپێنن.

دەیان میلیارد دۆڵاری خەڵکی باشووری کوردستانیان لە بانک و کۆمپانیاکانی ئوروپا، ئامریکا، تورکیا، ئۆستڕالیا و ئێران خەزن کردووە.

خراپترین جۆری دەسەڵاتیان بونیاد ناوە. سەرەڕای داهاتی ساڵانەی 15 میلیارد دۆڵاری نەوت، گومرک، زەوی فرۆشی و دیکە، ژێرخانی ئابووری باشووی کوردستان وێرانە. تەنانەت سیستمی بانکی، لولەکێشی گاز، ئاو و کارەباشیان بۆ دابین نەکراوە.

لە ئاکامی سی و پینج ساڵ کوردایەتی دیوەخان، خەونە گەورەکانی پێش ڕاپەڕینی 1991 وەک دادپەروەری، یەکسانی ژیان، سۆسیالیسم و ئازادی لە هزر و بیری باشووریەکاندا جێگای داوە بە نێرگەلە، ئیسلامی سەلەفی، ئیخوانی، جیهادی، شایەری دیوەخان، ئیسکۆرت و محافزی مافیا و بەرپرسانی حیزبی، بەشداری دەرەجە چواری ڕانتخۆری و گەندەڵی ئیداری.[^8]

باشووری کوردستان بە نیسبەتی حەشیمەتی زۆرترین موچەخۆری بێکەڵکی لە دونیادا هەیە. کەمترین بەرهەمهێنان و ئاوەدانی تێدا کراوە.

ئاغایەتی بنەماڵەی بارزانی بۆ سەر کۆمەڵگا بە ڕادەیێک ستەمکارانە بووە کە دوای داگیرکرانی کەرکووک لە لایەن دەوڵەتی ئێراقەوە لە ساڵی 2017، خەڵکەکەی بە حاڵی ئێستایان ڕازیترن لەوەی کە جارێکی دیکە مافیای کوردایەتی بە ڕێبەری پارتی و پانیک دەسەڵات بگرێتەوە دەست.

یەکیەتی نەتەوەیی: شۆخیەکی تاڵ؟

کاتێک مێژوو دەیسەلمێنێ کە پارتی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراق دۆستی ئیستڕاتژیکی داگیرکەرانی کوردستانە، کۆنگرەی نەتەوەیی، یەکماڵی و یەکڕیزی کوردان لە گەڵ بنەماڵەی بارزانی و حیزب و هێزەکانی ژێر چەتریان شۆخیەکی تاڵ نییە؟

ئەگەر یەکیەتی نیشتمانی دوای ساڵی 2003 لە جیاتی پاشکۆیەتی پارتی، لە زۆنی سەوز بە کەڵکوەرگرتن لە یاسای فیدڕاڵی پارێزگاکانی ئێراق سیستمێکی دەستپاک، دێموکڕاتیک، پێشکەوتنخواز و دادپەروەر دامەزراندبا، دەسکەوتی زۆر زیاتری دەبوو بۆ هەموو کورد و کوردستان. بەڵام تا نوێکیسە و پانیکەکان پاکسازی نەکرێن، چاوەڕوانی گەڕانەوەی یەکیەتی بۆ ڕێزی گەل لە خەونێکی شاعیرانە دەچێ.

ڕێبازێکی جیاواز

کورد کوتەنی: «زەرەر لە هەر شوێنێک ڕا بگەڕێتەوە قازانجە.» لێرەدایە کە ڕووناکبیران و دڵسۆزانی کورد دەبێ پێداچوونەوەیێکی واقعبینانە بە سەر ئامانج، ئیستڕاتژی و تاکتیکەکانی جوڵانەوەی کوردی دابکەن. پرسیارە گرنگەکان هاتوونەتە پێش؛ دەبێ جوابی دروستیان بۆ بدۆزرێتەوە.

گەرچی هەلی زێڕین و کاتی زۆر لە دەست چووە، بەڵام دەکرێ لە ئێستاوە لە بزنە ڕێی دیوەخان و چەتەگەری کوردایەتی فیئۆداڵ-عەشیرەیی لابدەین و ڕێبازێکی جیاواز بگرینە بەر که هەزاران ئارام و مامەڕێشە لە پێناو ئەم ڕێبازە گیانیان بەختکرد:

ڕێبازی ئازادی، دێموکڕاسی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، خۆشەویستی نیشتمان، هاوژیانی گەلان و یەکسانی ژیان.

 

سەرچاوەکان

[^1]: بیرەوەریەکانی پۆڵا نانەوازادە لە فەیسبوکدا

[^2]: یەکیەتی نیشتمانی کوردستان دو جار توشی شەڕ دژی پ.ک.ک بوو. جاری یەکەم بە فیتی پارتی بوو بە پاشکۆی لە دژی پ.ک.ک ساڵی 1992 لە لەم شەڕەشدا بە ئاشکرا و نەهێنی حەولیان دەدا کەمتر پێکادان دروست بێت. جاری دووەم ساڵی 2000 کە پارتی و تورکیا و ئێران و سەدام تەنگیان بە یەکیەتی هەڵچینیبوو، بۆ دەرباز بوون لە فشارەکان ناچار شەڕێکی کورت ماوەی بە سەر پ.ک.ک دا سپاند لە قەرەداغ و بناری قەندیل.

[^3]: پس از شصت سال - زندگی خاطرات جلال طالبانی - نقل از عیسی پژمان نماینده کرد ساواک در عراق ص 661 تا 668

[^4]: مام جەلال - دیداری تەمەن 279

[^5]: دۆکترین (Doctrine): ڕێباز، نەخشە ڕێگا، ڕێنامە. دکترین (یا رهنامه) مجموعه‌ای از باورها، رهنمودها و آموزه‌های توصیفی است به شرط آنکه برای مقصودی عملیاتی سازمان یابند و نقش راهنما و چهارچوب را بازی کنند. دکترین، فراتر از راهبرد و بنابراین فراتر از سیاست و خط مشی است. دکترین‌ها به ناچار دیر یا زود از ایدئولوژی‌ها زاده می‌شوند.

[^6]: پێژمان، عیسا. بیرەوەری - در دامگە حوادس

[^7]: پێژمان، عیسا. بیرەوەری - در دامگە حوادس

[^8]: نەوشیروان، مستەفا ئەمین - خەون یا مۆتەکە - بەرگی پی دی ئێف


نظرات

پست‌های معروف از این وبلاگ

آسیب‌شناسی کردستان ایران(پانتورک‌ها، ملی‌گرایانِ سُنَّتی کُرد، اسلام‌گرایانِ افراطی سُنّی)

تهران و کردستان، عمقِ استراتژیکِ همدیگر

ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەر دەم سێ مەترسی دا (پانتورک، ڕاستی سوننەتی کوردایەتی ، ئیسلامی سیاسی سوننەی بناژۆخواز)